ئەی ڕەئیسی جەمعی مەخلووق، شاھی شاھانم وەرە
ئەی ئەمیری ھەردوو دونیا، مەردی مەیدانم وەرە
من گوناھبار و خەجاڵەت ڕووڕەش ڕۆژی جەزام
خاوەنی عیز و شەرەف تۆی ڕۆح بەقوربانم وەرە
خاتری ڕوخساری نوورینی جەنابت خوای مەزن
ئەرز و ئاسمانی دروست کرد چاو بەگریانم وەرە
من ئەزانم کردەوەی چاکەم نییە سا چی بکەم
ڕەحمەتێ فەرموو گەدام بۆ ماڵی وێرانم وەرە
من ئەوەندە ھەوڵ ئەدەم نەفسم لە دەستم دەرچووە
چیی لە مەیل نەفسی بەدکەم، جانی جانانم وەرە
گەر لەمەولا خوا بەخۆی ڕەحمێ بکاتە حاڵی من
نەفسی بەدکارم ئەکوژرێ، دڵ بە قوربانم وەرە
ھەر وەکوو سیروان لە چاوم ئاو ئەچۆڕێ بێ وچان
ڕووڕەش دونیا و قیامەت، دەستەدامانم وەرە
لوتفی بەس شیوەن بکە بۆت ناگیرێ نەفسی بەدت
شاھی لەولاک بێتە ئیمداد نووری ئیمانم وەرە