ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٣٢. ئەی وەتەن بۆ چی کز و داماوی
ئەی وەتەن بۆ چی کز و داماوی
بۆچ وا ئەسیری بۆچ بەند کراوی
بۆچ نەما زەوق و شەوقەکەی جاران
بۆ چی ڕەش پۆشە دێھات و شاران
بۆ چی بێنازە ھەردە و شاخەکەت
بێ گەڵاو ڕووتە چەم و باخەکەت
بێ دەنگ و چۆڵە مزگەوت و دیوان
بە پەنجەی زوڵم ژێر و ژوور کران
بۆ چی نەگریێم بۆچ نەناڵێنم
لە داخ ئەم چەرخە بۆ چی بمێنم
بۆ گەلی کوردە ناڵە و ھاوارم
پڕ ئێش و دەردە دڵەی بیمارم
کوا دێھاتەکەم ئیمام و موختار
کوا ڕا و سەیران سەدای ئەسپ سوار
کوا گەورە کچان گەردن مراوی
ھات و چۆی بەناز لە ڕێی کانیاوی
کوا دەنگی فەقێ قەسیدە و ئەشعار
ئەیان خوێندەوە سبەی تا ئێوار
کوا خۆشی و نەشئەی فەسڵی بەھاران
کوڕ و کچ تێکەڵ ئەچوون بۆ سەیران
کوا ڕەنەی مفەرمان سێ چوار بە قەتار
شمشاڵی شوان ھۆ ھۆی جووتیار
کوا دەنگی سەپان لە چللەی ھاوین
کوانێ تێلەکێش کوا شەغزە بەستین
کوا لاوەکانت وەک یووسفی کەنعان
ھەر یەک بە جۆرێ خۆیان ئەنوان
ئیستا ڕەنگ زەرد و گشت لێوبەبارن
ھەموو بە دەرد و خەفەت دووچارن
ئەختیارەکانمان ڕووت و ڕەزیلن
ھەموو لێوبەبار بە وێنەی دیلن
کراس و کورتەکی دڕاو ئەپۆشن
دائیم خوێن جەرگ خۆیان ئەنۆشن
لوتفی زووخاوی جەرگت بنۆشە
لەمەودوا بەرگی سیاھ بپۆشە
ھەتاکوو چرای کوردان ڕوون ئەبێ
دوژمن لەبەر چاو تووناوتوون ئەبێ

پەراوێز edit