ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٢٨. ئەی دڵ ھەتا کەی مات و زویری
ئەی دڵ ھەتا کەی مات و زویری
ھەتا کەی حیرسی زیندان و بیری
سەراپا سیا بەخت وەک قیری
لەناو سوپای غەم بۆچ وا ئەسیری
دە سەر ھەڵبڕە ھەی بەخت خەوتوو
سەیری دونیا کە چۆن ھات و چۆن چوو
بە خەفەت ڕۆیی ھەزاران وەک توو
تۆ ئەبێ چی بکەی بۆچ وا فەقیری
غەم فایدەی نییە دونیا میحنەتە
لەچل ڕۆژ ڕۆژێ ڕۆژی عوشرەتە
باقی ھەر غەم و دەرد و مەینەتە
نییە دڵ شادی کەیف و سرووری
بەدەس من نییە خالیقی یەزدان
ئەو ڕۆژەی کە خۆی دونیای دامەزران
ھەوێنی ئێمەی بەم جۆرە ڕژان
ھەر ئەبێ وا بێ تا نەفخی سووری
ئومێد بە دەرگای ڕەحمانی ڕەحیم
لە بەحری کەرەم خودای کەریم
شاد بین بە وەسڵی جەنات و نەعیم
دانیشین لە ناو قەسر و قسووری
ئەویش زۆر دوورە لە گوێرەی عەمەڵ
ئیمان دەربەڕین لە کاتی ئەجەل
دەخیل بارەگات سەییدی مورسەل
سا خودا ھەر خۆت بدەی سەبووری
لوتفی خۆت ھەڵکە زۆرت نەماوە
حەیات و عومرت ھاکە تەواوە
سەد کەندەڵان وەک تۆ ڕووخاوە
ئومێدی عەفووی پاشای غەفووری

پەراوێز edit