ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٢٧. ئەی دڵ ھەتا کەی حەپسی لە خەڵوەت
ئەی دڵ ھەتا کەی حەپسی لە خەڵوەت
تا کەی لە ژێر بار نەبوونی و نەگبەت
لە ئەوەڵ عومر ھەر غەمخواری بوو
نەبوونی و نەخۆش دەردەداری بوو
دائیم ئەسیری دەردی بێ دەوا
دەرد لە بانی دەرد ئەھات بە سەردا
یا نەخۆشی خۆم یا مناڵ یا ژن
کێشەی دونیایی جەرگ و دڵ کون کون
لەبەر دەس کورتی و ھەم ئاخر شەڕی
سەگی کائینات گشت بە من وەڕی
بە تۆی بەرگی شڕ ھەناسەم سوارە
ئێش و دەرد و غەم لە دڵدا بارە
نە بە ڕۆژ خواردن، نە خەوتن بە شەو
ھەر تەکان ئەدەم بە دەوانی دەو
خودا با بەس بێ کراسی نەگبەت
لە بەرمان بکەی کەوایی عیزەت
تاوێ بە شادی لە دونیا بژین
دوور بین لە جەور و پەژارە و گرین
لەجیاتی مەینەت شادی پەیدا بێ
غەم بۆ یەکجاری ڕوو لە فەنا بێ
لوتفی بۆ چیتە زۆرت نەماوە
وەک پووشی سەر یاڵ وای بەدەم باوە

پەراوێز edit