ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٢٣. ئەی دڵ دە ھەڵسە زیکری خودا کە
ئەی دڵ دە ھەڵسە زیکری خودا کە
بە ڕۆژ و بە شەو ڕوو لە مەولا کە
دامێنی شەرع بگرە بە دوو دەس
زیکری خوا بکە دائیم بە ھەوەس
نەوەک بە سستی و بە دڵ گڕانی
نەوە وەک ناچار بە سوغرەزانی
عیبادەت بە دڵ نەکەی بۆ خودا
زۆر زەحمەتە خوا پاداشتت بدا
ئەگەر بۆ دونیا وە یا بۆ ڕیایی
ھیلاکی کەی توو ئەڕوا خۆڕایی
یاڕەب بۆ خاتر شای فەخری عالەم
ببەخشە خەتام لە زۆر ھەتا کەم
بیکە بە خاتر ئادەمی سەفی
حەزرەتی شیس و ھەم نووحی نەبی
بۆ خاتری دانیال حەزرەتی یەعقووب
ھوود و یوشەع و جەنابی ئەیووب
بۆ خاتری عیسا و حەزرەتی سالیح
نەفسی عاسی من بکەی بە سالیح
بۆ خاتری ئیسحاق لەگەڵ ئیبراھیم
نووری ئیمانم لەدڵ کەی قاییم
بۆ خاتری خدر لەگەڵ ئەسکەندەر
شین بۆ من خاسە ھەی خاکم بەسەر
ھەم بۆ خاتری عەزیز و تالووت
جەستەیی بێتین نەخۆش و نابووت
بۆ خاتری لوقمان لەگەڵ ئیسماعیل
خەستە و پەشێوم سەرکز و زەلیل
بە عەشقی یوسف ھەم لەگەڵ شوعەیب
دەخاڵەت بەتۆ دانای سڕی غەیب
بە خوێنی یەحیا ەم بە زەکەریا
لە دەرگای ڕەحمەت نەبم ڕووسیا
ھەم بۆ شەرەفی مووسا و ھاروون
داود و سولەیمان ئەلیاس و شەمعوون
دیسان بۆخاتری ئەلیەسع و ئەسبات
ڕزگارم بکەی لە پردی سیرات
یاڕەب بۆخاتری یونس و ئیدریس
ھەم بۆ شەرافەت حەزرەتی جەرجیس
دیسان بۆخاتری زولکیفل و عیمران
بە ناڵە و سۆزی پیرەکەی کەنعان
بە نووری ئیمان دڵم ڕووناک کەی
وەکوو ئاوێنە لە پیسی پاک کەی
ھەم بۆ خاتری بابەکر و عومەر
عوسمان زونوورەین ئیمامی حەیدەر
ھەم بۆ خاتری سەحابەی کیرام
لییان بێ ڕەحمەت خودای لا یەنام
ھەم بۆ خاتری گشت پیاو چاکانت
ڕجام قەبووڵ کەی دەستم دامانت
بم بەخشە مەعلووم من غەرقی خەتام
ڕووزەرد و مەھتووک مەیدانی خودام
لوتفی تا ماوی بکە شین و زار
ڕوو بکە دەرگای زاتی کردگار
موناجات

پەراوێز edit