ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٢٤. ئەی دڵ ساکن بە تازە چیت ماوە
ئەی دڵ ساکن بە تازە چیت ماوە
وەک داری خەزان وشکی بە پاوە
چاوان بێ حوکم جەستەی لار و خوار
پێستی وجوودت سیس و ژاکاوە
بەس بکە خەیاڵ لەزەت دونیای ڕوون
ھەڵسوکەوت ئەکەی بە بای فەناوە
تازە بە تۆ چی ڕووی نەوجەوانان
شۆخ و نازداران وەک گوڵ خەمڵاوە
بازاڕ و جادە و باخات و گوڵزار
بە تۆ چی بەھەشت ھەر سەیری چاوە
ھەتاکوو گەنج بووی زەمانت وا بوو
جوانی تۆ ڕۆیی بە دەم سزاوە
تازە وا پیر بووی دونیات لەدەس چوو
کفن گۆڕەکەت حازر کراوە
ھەڵسە فرسەتە ڕوو لە تاعەت کە
ئەم ھەشت نۆ ڕۆژەی عومرت کە ماوە
لوتفی غەم مەخۆ دونیا ھەر وایە
زۆر کەس لەم ڕۆژە جگەر بڕاوە

پەراوێز edit