ئیمڕۆ دانیشتم لە پەنای دیوار
عاجز و داماو، بێ کەس و غەمبار
دونیا زۆر ساردە بەفرە و یەخبەنان
شەختە و زقوومی ئەرز و ئاسمان
دڵی من گەرمە وەک ئاتەشخانە
قرچەی دەروونم ئەڵێی بوریانە
ھەناسەی سەردم دووکەڵی ئاسمان
وێنەی تانجەڕۆ ئاو دێ لە چاوان
دەردی دونیایی دەوری لێ داوم
نەماوە ھێز و توانا و تاوم
گرفتاری دەرد ڕووی ڕۆژگارم
شەوو ڕۆژ ھەر شین گریانە کارم
قەت نەبوو ڕۆژێ بەبێ خەفەت بم
لە کەیف و شادی لە ئیسراحەت بم
ەر لە خەو دایە بەختی خەواڵۆم
قەت پێش نەکەوتم لە ڕەفێقی خۆم
ھەر ڕۆژ بۆ لایێ سەر خۆم ھەڵ ئەگرم
نازانم خوایە بۆ چی نامرم
لەتاو ناچاری و دەس کورتی و نەبوون
جەرگ و ھەناوم گشت بووە بە خوون
دەخیل بە پیاوی ڕەزیل و ئاڵچاخ
دڵی زامدارم پڕ بووە لە داخ
خسووس دەوڵەمەند لە ئەم زەمانە
دائیم لە حیرسا دڵ پەرێشانە
ناوچەوان دائیم ترش و تاڵ و سوێر
پیش ئەخواتەوە وەک مەیموونی نێر
ھەمیشە غەمگینی بە ڕۆژ و بە شەو
نە نانی نانە نە خواردن نە خەو
گەر بە دەس ئەو بێ ھەژار نامێنێ
عەرد و بەرد و شاخ گشتی ئەسێنێ
ڕەبی با بەس بێ ئیحتیاجی نامەرد
تابەکەی پەی پەی ھەناسانی سەرد
تا کەی بە ڕووتی و چڵکن لە ناو عام
تا بە کەی لۆمە و تەعنەی خاس و عام
ئەمجا بە ڕەحمەت خالیقی بێ باک
بە تەقدیری خۆت تاک و تەنیای تاک
بەسە ھەتا کەی جەوری دونیای دوون
بەسە مەینەت و ھەژاری و نەبوون
لوقمەیی حەڵاڵ زۆر بە ئیسراحەت
لوتفی داوا کە لە دەرگەی ڕەحمەت