ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٩. ئەی خودا چی بکەم لە دەستی نەفسی ئەممارەی لەئیم
ئەی خودا چی بکەم لە دەستی نەفسی ئەممارەی لەئیم
ئیتفاقی وا لەگەڵ شەیتانی مەلعوونی ڕەجیم
پادشاھ و دەس درێژە نۆکەر و بەندەی ئەویم
ڕەبی ڕزگارم بکەی گیرۆدەی چەرخی دەنیم
جڵەوی نەفسم لە دەستم سەندووە شەیتانی شۆم
وا لەسەر کەنداڵ خەریکم نازانم بۆ کوێ ئەڕۆم
کێ دەلیلم بێ لە شاخ و داخ و ھەرد و کەند و جۆم
ئەی خوا بم خەیتە سەر ڕێگەی سیڕاتەلمستەقیم
چەن ئەکەم سەعی بە دەستم ناکەوی نانی حەڵاڵ
ئەوەندە من ھەوڵەدەم بۆ شەخسێکی عالیم لە حاڵ
چەن ئەکەم دەس ناکەوێ ھاوڕێیەکی خاوەن کەماڵ
تاریکی زوڵم گوناھە وا لە دونیادا عەمیم
گشتی مەجبووری تەماعە ڕۆژ و شەو خواردن و خاو
ھەمووی بە یەک دا ئەسووڕێ زۆر شپرزە و تەنگەتاو
ناگەڕێتەوە ئەبەد لە پیس و پاک و یا گڵاو
ھەر بە شەرتێ دەس کەوێ چێشی بە ڕۆن نانی گەنیم
پەیڕەوی خاسانی خوا کە چیت ئەوێ لە فکری عام
ھەر کەسێ مەسئوولی نەفسی خۆیەتی ڕۆژی قیام
تۆ بە ڕاستی ڕوو بکە سەر سوننەتی خيرالأنام
بەڵکوو شافیع بێ لەبۆ تۆ شافیعی زومرەی ئەسیم
بەسیە ئیتر حیرسی دونیا ئەم خەوەی تۆ تا کەیە
ئەو شتەی سوودی ببێ ھەر کردەوەی بۆ چاکەیە
سەد ھەزاران ھات و ڕۆی خاکیش ھەر ئەو خاکەیە
نەوبەتی تۆیش وا بەڕێوە دا مەنیشە دڵ موقیم
خۆت موھەیا کە ئەڕۆی بۆ ئاخیرەت یەکجارییە
کەیف و شادی و ھەڵپەڕینت نیشانەی بێ عارییە
عاقیبەت ڕووت و قەلەندەر ھەر بەشت غەم خوارییە
زۆر بترسە لەو سزایەی دۆزەخ و ناری جەحیم
گەرچی ئیمڕۆ ھۆدەکەت پڕ فرۆشە مافووری عەجەم
یا گڵۆپی کەھڕەبا ڕووناک ئەکا حەوشە و حەرەم
کورسی و مێزت بەرانبەر جێگەی خۆش و نەرم
بە سەرت قەسەم لە پێشە ئاوی غوساقولحەمیم
چاوەکانت ھەڵبڕە ئەی ماڵ وێرانی بێ خەبەر
سەیری تەپڵۆکەی جیھان کە خاک و خۆڵی ڕەھگوزەر
کوللی گەردێکی ھەوینی پادشاھی تاجەوەر
تۆزێ ترست بێ لە خزمەت زاتی عەزیزەلحەکیم
لوتفی بۆ خۆت غەم بخۆ زۆری نەما ڕۆژی ئەجەل
تەعقیبی چاکە بکە مەشغووڵ بە بە خەیرەلعەمەل
جاھیل و بێ عەقڵە ھەر کەس ئەسیری توولەلئەمەل
رب انقزنا بفزلك حبزا العفو العميم

پەراوێز edit