ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٨. ئەی خودا چی بکەم عەقڵم شێواوە
ئەی خودا چی بکەم عەقڵم شێواوە
بەھاری عومرم وشک و بێ ئاوە
جارێ ڕوو لە خوار جارێ لە ژوورە
گاھ لە سێبەرە، گاھ لە ھەتاوە
خۆیشی نازانێ خەریک چ کارە
بە دەس خۆیەوە سەری سوڕ ماوە
پێی ئەڵێم ھەژار بۆچ وا زویری
ڕاستم پێ بڵێ چیت لێ قەوماوە
بەڵکوو دەس کەوێ دەرمانی دەردت
دڵی بیمارت وا بێ ھۆش ماوە
بۆ خۆت بگەڕێ بە کەیف و سەیران
بێ شک ئاشووبیت وا بە دوواوە
ئێستا نازانی مانەندی حەیوان
سەر بڕینەکەت لە دواوە ماوە
چونکە نازانی تۆ بۆ چی ھاتی
ئەگەڕێی بێ ھۆش لە ڕووی دونیاوە
خودا تۆی بۆ چی بۆ ئەم دونیا نارد
ئێستا تۆیش ئەمرت بە پشت گوێ داوە
ئەبێ بزانی بێ سڕ نەھاتی
بە خۆڕا ھیچ کەس خەڵق نەکراوە
دەرمانت نییە شێتی بێ خەبەر
لوتفی بزانە زۆرت نەماوە

پەراوێز edit