ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٧. ئەی خودا دەخیل چیمان بەسەر ھات
ئەی خودا دەخیل چیمان بەسەر ھات
ئاسایش نەما لەسەر ڕووی وڵات
یەک لەحزە خۆشی نەما لە دونیا
غەزەب ئەبارێ لە ئەرز و سەما
ناسیار یا نەناس درشت ھەتا ورد
یەخەی یەک ئەگرن ھەموو دەستوبرد
ھەمووی باری شەڕ بە شەڕ ئەفرۆشی
لە ڕەق و کینە ھەمووی ئەجۆشێ
لای خۆی موسڵمان گشت برای دینە
ھەمووی ئوممەتی شاھی مەدینە
حەڵاڵیان ئەکرد خوێن و ماڵی کورد
دوژمن بەجارێ لێشاوی ئەبرد
زۆر بێ ڕەحمانە ھەروەک سەگی ھار
بووبوون بە ئاگر بۆ کوردی ھەژار
گشت دووچار ئەبوو خەتا و بێ خەتا
بە ئاگری زوڵم وەک یەک ئەسووتا
وڵاتیان سووتان چەن فەقیریان کوشت
چەن مزگەوت وێران ئیمامیان ئەکوشت
چەن قورئان سووتا یا درا بە با
پەڕە پەڕە بوو بە دەم ڕەشەبا
شار و دێھاتیان ھەموو کرد وێران
عالەم بە جارێ گشت بوو سەرگەردان
سەد ھەزار نەفەر ھەمووی بێ خەتا
بە ڕۆژێ ڕەوان موسەیەب کرا
باوک لە وەزعی ئەولاد بێ خەبەر
منداڵیش پەراگەندە و دەربەدەر
دایک بە تەنھا وێڵی دەشت و شاخ
ھەر ھاوار ئەکا دڵی پڕ لە داخ
چەن لاوی کوژراو جێما بەبێ کەس
بوو بە خۆراکی شەھێن و کەرکەس
چەن ئاوارە بوو لەم شار بۆ ئەو شار
دەروون پڕ لە ژان مل کەچ و ھەژار
چەند پیرێژنان چاو پڕ لە گریان
گڕەی دەروونیان ئەگەییە ئاسمان
چەن جەنازە کەوت لە دەشت و لە شیو
چەندێ نازداران گشت بوونە ھەتیو
چەن ئافرەتی جوان لە شاخ و ئەشکەوت
مێردی کوژراوە بە بێوەژن کەوت
ھاواری منداڵ ھەم ژن و ئەختیار
ئەھات ھەر وەکوو بۆقی زار مار
ناڵەی بریندار لە دەشت و لە چۆڵ
گریانت ئەھات بۆ کوردی کڵۆڵ
مەڕ چوو بە تاڵان ماڵ ھەمووی وێران
بایەقووش ئەیخوێند لەسەر کەلاوان
دای بەسەر کوردا لە ھەر چوار کنار
بەڵا ئەبارێ وەک تەرزەی بوھار
بۆج پرسیار ناکەی لەوەی جێماوە
ئەوانە مەعلووم گشتی کووژراوە
چەپۆکی دوژمن لە ناو شانی کورد
وەک نەقشی سەرسەنگ نەقشی تێدا کرد
ڕووی زەمین سوور بوو بە خوێنی کوردان
ھەزاران دەروون ئەھاتە گریان
چوار دەورت ئاگر کوردی بێ خەبەر
ئەمجا چی ئەکەی ھەی خاکت بەسەر
دارودارستان سەرتاپای وڵات
ھەمووی لق لە ئەرز لەبەر میوە ھات
تەبارەی گەنم ھەر وەکوو دیوار
گشت بە جێماوە لە کوردی ھەژار
پووش و پاوەن و ھەم خەلە و خەرمان
باخ و دار و ڕەز لە شاخ و کێوان
مەکینە و زەرعات لە دەشت و لە چەم
ئاگری زۆر دار سووتانی سەرجەم
مایین و ھێستر مانگا و بزن و مەڕ
ھەمووی بە تاڵان بران سەرانسەر
ئەم زووڵمەی ئەمرۆ لە کورد کراوە
یەقین شتی وا قەت ڕووی نەداوە
ئەو کەسەی ھەیبێ تۆزێ بیر و ھۆش
ئەم غەدەرە ھەرگیز ناکا فەرامۆش
ھەتاکوو ماوە لە چەرخی ڕۆژگار
دڵی قەت فارخ نابێ لە ئازار
فرمێسکی چاوی وەک ڕێژنەی باران
دائیم دێتە خوار بۆ کزی کوردان
ئەمجا ھەر شین کە و بۆ خۆت بناڵە
لە دەست ئەم چەرخ و ئەم ژینە تاڵە
قوڕ و خاک و خۆڵ بکە بەسەردا
خەم بخۆ لەگەڵ خوێنی جگەر دا
ئیلاھی ھەر خۆت جێگەی ھاواری
ڕزگارمان بکەی لە شین و زاری
ئەمجا ڕوو لە خوار سەرمای زستانە
نۆرەی بوھاری قەومی کوردانە
ئومێدە لە زات خودای بێ ھەمتا
کە دەردێکی دا دەرمانیش بدا
ڕزگارمان بکا لە بەحری میحنەت
ھەمووی بگوڕێ بە ڕەزای ڕەحمەت
لوتفی ئەم دەورەش ھەتا سەر نییە
لەدوای تەنگانە مەعلووم خۆشییە

پەراوێز edit