ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٥٩. یەکەم بە ناوی خودای لامەکان
یەکەم بە ناوی خودای لامەکان
دووەم سەڵاوات لە فەخری ئەکوان
برای خۆشەویست مەلا برایم
حاجی و مودەڕس دیانەت قایم
ئومێدم وایە لە دەرگای ێەزدان
بە درێژی عومرت نەبی دڵ گران
سیحەت و وجوود نیعمەتی دونیا
دوور بێ لە بەڵای خودای بێ ھەمتا
ڕەنگت ھەر گەش بێ چاوت ڕووناک بێ
دەفتەری خەتات دائیما پاک بێ
جەرگت نەسووتێ لە جەفا دوور بی
ھەرگیز لە باخی شادی و سروور بی
عەیش و نۆشەکەت دائیم شیرین بێ
دوژمنت دائیم دڵی غەمگین بێ
ئەوەندەت سەلام بۆ ڕەوان ئەکەم
کزەی دەروونم نووری دیدەکەم
لە ارێزەوە ھەتا دێی شێخان
بەقەی گیای بەھار سەلام بێ لێتان
بە ڕۆژ و بە شەو فکرم وا لای تۆ
زۆر ئارەزوومە دیدەنی ڕووی تۆ
دائیما وێنەت وا لە بەر چاوم
وەکوو پەروانە ھەڵکڕووزاوم
لە ڕووی لوتفەوە ئەپرسی ئەحواڵ
سوپاس بۆ خودای گەورەی لەیەزاڵ
زۆر لە سیحەت داین ھەموو زۆر چاکین
لە لۆمەی پیاوی ڕەزیل بێ باکین
ئیدارە و سیحەت بە دڵ دوستانە
ئیشمان ھەر کەیفە ھەر شادومانە
ئیتر ھەر بژی بە خۆشی و شادی
دوور بی لە غەم و لە نامورادی
بە گوێرەی زانین خۆم کە وتوومە
گەر کەم و کووڕەلێم مەکە لۆمە
لوتفی ئەڵێی چی شیعرت زۆر جوانە
بۆ پیاوی ھۆشمەند قووتی ژیانە
نامە بۆ مەلا ئیبراھیم لە دێی شێخان لە ناحیەی کۆیری
١٩٥٤

پەراوێز edit