ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٥٨. یاران دەردەکەم دەردێ گرانە
یاران دەردەکەم دەردێ گرانە
بەشم ھەمیشە شین و گریانە
سەیری دونیا کە چۆن شڵەژاوە
ھەرکەس بە جۆرە دەردێ داماوە
ھەندێ کەس ھەیە وێڵ و سەرگەردان
داد و بێدای لە چەرخی زەمان
ھەندێکیش ھەیە بۆ حیرسی دونیا
ھەر وەکوو سەرخۆش خۆی بە تاشادا
فەرموودەی ڕەسوڵ شاھی حەرەمەین
کە وەعدەی داوە ئەوانە ئێمەین
بەرگی برسیەتی خەفەت و ماتەم
پۆشییە بەرمان ھەموو خاترجەم
ئەمەش نشیانەی غەزەبی خوایە
ڕەحمی ئیسلامەت لای کەس نەمایە
خوێنی ھەزاران گەدا ئەڕێژێ
ئێسقانی ئەشکێ مێشکی ئەپژێ
گشت برای دینن ئەکتر ئەکووژن
بۆ جیفەی دونیا خوێن ئەک ئەمژن
لە یاد کەس نیە مەیدانی خودا
لە ڕۆژی حەشر چۆن وەڵام ئەدا
بۆ چی کوژراوی کوشتت لەسەرچی
چۆن وەڵام ئەدەی ئەوجا ئەڵێی چی
دەشت و کێوو شاخ بەخوێن بووە سوور
تێر گۆشت و ڕۆن بوو مەل و مار و مور
کەسێ کە دوو کەس لە ئەو بترسێ
لە ڕۆژی حیساب خوالێی ناپرسێ
جێگەی جەھەننەم زۆر باش بزانە
ئەویش فەرموودەی فەخری جیھانە
نە ڕۆژ نە سەعات نە دەقە و ئان
بزانە غەزەب ئەبارێ بۆمان
قەناعەت نەما ڕەحم نوقم بوو
ڕێگەی شەریعەت بە جارێ گوم بوو
بدعەت ڕوو ئەدا ھەرڕۆژێ نەوعێ
سوونەتی ڕەسوڵ سا بۆ کوێ ئەچێ
بەسیەتی توخوا ئەرێ برا گیان
تۆزێ بیرکەوە چی دێتە سەرمان
دونیا ھیچ نییە مەعلووم بێ لەلات
پێنج و دوو ڕۆژە ھەر چۆن بێ ئەڕوات
بەسە ھەتاکەی کردەوەی خراپ
ڕوو بکە خودا و ھەم ڕێگە سەواب
لوتفی توو ھەستە و خاک بەسەرداکە
لە جیاتی ھەمووان شیوەن بەرپاکە

پەراوێز edit