ھەوری میحنەت زۆر بە تاو دەرژێنێ بارانی غەزەب
کوردی مەزڵوومی ھەژار ڕۆژی ڕووناکی بۆتە شەب
بێ کەس و بێ شوێن جێگە ماڵ وێران و دەربەدەر
بۆ چی بەم جۆرە زەلیلی ئەی برای عالی نەسەب
حاڵی کورد گەر تۆ ئەپرسی ئیمرۆ چۆنە چاوەکەم
وەک مناڵێکی ھەتیوە بێ کەس و بێ یار و ئەب
بێ ئەوەی ئەم میللەتە ھیچ جورم و تاوانی ھەبێ
کوشتن و گرتن لە ھەر چوار لاوە ئیمرۆ بێ سەبەب
قەومەکان تخوا وەرن با پێکەوە شیوەن بکەین
ئاگری جەرگم بڵێسەی ھەر وەکوو ناری تەحەب
ڕۆژ لە کەل دەچوو عەزیزم تیشکی دونیای گرتوو
بۆ چی تووش بەم شێوەیە دڵگیری بێ شەوق و تەرەب
ھەستە ڕۆژی ھیمەتە خۆت گیان فیدای ئەم خاکە کە
نەک وەکوو لوتفی خەریکی شووھرەت و ناو و لەقەب