گیانە وەرە دەشت ئەوا بەھارە
وەعدەی سەیرانی گوڵ و گوڵزارە
گوڵ وا لە شەوقە بولبول لە زارە
وەختی دیدەنی یاری دڵدارە
دونیا خەمڵیوە بە گوڵ زەرد و شین
مەلان بە شادی دەم بە پێکەنین
سەریان دەر ھێنا سەیران و نەسرین
ئیمڕۆ دڵەی من؛ بۆ چی زامارە؟
فەرشی ڕەنگینی پۆشی دەشت و دەر
با یاری ئەکا بە باڵای عەرعەر
تاجی بەھاری گشت نایە سەر سەر
ھەمووی لە خۆشی جوانی بەھارە
چرگ و کۆتر و بولبول ئەخوێنن
سوێسکە بە بڕکە بەچکە لە شوێنن
قەبقەبەی کەوباڕ یەکتر ئەدوێنن
مەپرسە لە من دڵ بریندارە
جا وەرە بڕۆین ئیمڕۆکە بۆ دەشت
دونیا ڕازاوە بە وێنەی بەھەشت
تاوێ بگەڕین بکەین سەیر و گەشت
وەرە دانیشە لەم سەر دیارە
شەتاوان دیارە کانی ڕووناکە
خەیاڵ وا لەسەر بوورجی ئەفلاکە
لەسەر تەختەکەی تاجی زوحاکە
خزمەت کارێتی خوسرەو دارە
ڕەشماڵ لەپاڵ یەک لە پای دەشت و دەر
مەڕۆ ماڵ تێکەڵ وەک ڕۆژی مەحشەر
چەن نازک نازدار چەشنی سنەوبەر
باڵا نەونەمام لە پێش دەوارە
دەنگ و ئاوازی شمشاڵی شوان
ھەوای ساف و خۆش پاکی بەر بەیان
لەگەڵ بۆنی گوڵ وەنەوشە و ڕەیحان
لاولاویش تێکەڵ باڵای چنارە
ھەر خۆم ماڵ وێران مەجنوونی بێ لەیل
کافر بە حاڵم لە سەحرای دوجەیل
دڵ لە دووری یار لە غەمباری کەیل
لوتفی تا بە کەی ئەم شین و زارە