ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٤٩. گیانە نەماوم دیدەم نەماوم
گیانە نەماوم دیدەم نەماوم
وەک برا کوژراو جگەر برژاوم
لە دووری تۆیە ئەی چەھرە پەری
بێ سەبر و قەرار بێ خورد و خاوم
لە حەسرەت باڵات ھەر وەکوو مەجنوون
بە شێتی مەجنوون دەرچووە ناوم
وەک داری خەزان وشکم بە پاوە
شەوق و زەوقم چوو شەنگ لێ بڕاوم
بکەوە فریام سەر خێڵی نازدار
تیمار کە دەردم ھەتاکوو ماوم
پەنجەی خوێناویت سوورە بە خوێنم
ئەسیر و پابەند دوو زولفی خاوم
ئاگری دووری تۆ ئاگری تێ بەردام
سەراپا جەستەم وەک یەک سووتاوم
چاو وەک گەلاوێژ ھەڵدێنێ بە ناز
بە یەک تەماشا پۆڕی خوراوم
سەرخێڵی نازدار ئاھووی مشکین ناف
من بۆ گرتنت لەگەڵ جێماوم
ئەمجا بە ڕووی ڕووت دڵم ڕووناک کە
دەردم دەرمان کە شێت و شێواوم
لوتفی تۆ تازە چیت لە دڵداری
منیش نازانم بۆچ خەریک ماوم
تیمار کە دەردم

پەراوێز edit