ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٤٥. گوێ لە من بگرە ئەی برای ھەژار
گوێ لە من بگرە ئەی برای ھەژار
بەعزێ حەکایەت بۆت ئەکەم ئیزھار
قەت خەفەت مەخۆ بۆ ماڵی دونیا
نەبوون چاترە بۆ حیساب ئەو لا
ئەگەر ڕازی بی بەوەی داویە پێت
ڕۆژی قەیامەت ھەمووی دێتە ڕێت
پێنجسەد ساڵ تەواو ساڵی قیامەت
لە پێش دەوڵەمەند ئەچێتە بەھەشت
یەکەم لەبارەی دینەوە بەد حاڵ
دووەم جێ دێڵی گشت سەروەت و ماڵ
ئەوجا تێ ئەگەن کردەوەی خۆیان
خەفەت ھەردوولا مایەوە بۆیان
ھەژار گەر بمرێ ھیچ غەمی نییە
ڕزگاری لە دەس ئەم نەبوونییە
گەرچی ھەژاری دەردی گرانە
بەڵام ئەجرەکەی زۆر بێ پایانە
لە دونیای ڕۆشن بە داخ و حەسرەت
ھەر بە غەمخواری ھەر بە ڕەزاڵەت
بەتایبەت نەبوون لە ئەم زەمانە
تانەی لێ ئەدەن خزم و بێگانە
وەکوو گەڕ و گوڵ خۆی لێ لا ئەدەن
بە چاوێکی سووک تەماشای ئەکەن
یا ئەڵێن کابرا جێی غەزەب خوایە
بۆیە ھەمیشە حاڵی وەھایە
یا ئەڵێن کابرا یەکجار چەوتە
ھەر بۆ دەس بڕین ڕوو لە مزگەوتە
یا ئەڵێن کابرا زۆر حەرام خۆرە
بۆیە ھەژارە دائیم بەم جۆرە
ئەرێ کاکە گیان وا نییە بەخوا
تەقسیمی ئەزەل بەشی خۆی ئەخوا
خەڵقی کردووە چەن دەرد و زیللەت
لە بەرانبەری چەن ناز و نیعمەت
ئەگەر نەبوایە خەمی فەقیری
بە چی دەر ئەکەوت پایەی ئەمیری؟
ئەگەر نەبوایە سەرمای زستانان
بە چی دەر ئەکەوت لەزەت بوھاران؟
ئەگەر نەبوایە پیری میحنەتی
بە چی دەرئەکەوت گەنجی لەزەتی؟
ئەگەر نەبوایە بێ عەقڵ و جاھل
ھیچ تامی نەبوو زانا و عاقڵ
لوتفی ھەژاری ھەم کە عەیب داری
چاو بدە ڕەحمەت حەزرەتی باری

پەراوێز edit