ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٤٣. کوردە نازانی کە چی ڕووی داوە
کوردە نازانی کە چی ڕووی داوە
دونیا بە جارێ چۆن شڵەژاوە
گەورە تا بچووک گشت دەردەدارە
ھەر یەک بە جۆرێ بە غەم دووچارە
عەقڵ و شعوورت داخوا چۆن ماوە
فرمێسکی چاوت وەکوو خوێناوە؟
لە ھەندێ جێگە بڵێسەی ئاگر
ئاگری زۆردار لە ئاگر زیاتر
لە ھەندێ جێگە خوێن وەک لافاوە
چەن نەوجەوانان بەبێ گیان ماوە
ئەوەی ھەژارە یەک جار خوراوە
بنیادی بێ ڕۆح بە پاوە ماوە
لە ھەندێ جێگە ھەر قوڕ پێوانە
مەلەک بۆ حاڵت وا لە گریانە
چەپۆکی دوژمن وەک تەرزەی بەھار
لە ەموو لاوە بۆ کوردی ھەژار
دەخیل بە دەرگات ئەی خودای گەورە
پەنامان بدەی لەم چەرخ و دەورە
بە شەو عەزابی گورگی نادیار
بە ڕۆژ گیرۆدەی چەنگی سەگی ھار
ڕێگەی ڕزگاری لە ھیچ لا نییە
ئەی خودا ھاوار چارەمان چییە
خۆت ڕەحمێ بکەی تەنیای فریاد ڕەس
چۆن بۆ بێکەسان ھەر تۆمان ھەی کەس
ڕەبی بۆ خاتر فەخری ئەنبیا
ڕزگارمان بکەی لە شۆمی سیا
لوتفی با بەس بێ گریانی بێ سوود
ڕازی بە تەقدیر خالیقی مەعبوود

پەراوێز edit