ئەی ئەسیری تەوق و قەیدی نەفسی بەد ئەممارە خۆم
بێ کەس و بێ موونس و بێ ھەمدەم و بێ غەمخوارە خۆم
دوور لە خزمان و وەتەن موڵکی عەشیرەت کەوتووم
ساکنی موڵکی غەریبیی بێ کەس و ئاوارە خۆم
ڕامبوارد عومری عەزیزم گشت لە کاری ناشیرین
ڕووسیاھ و شەرمەزار و سەرکز و پەتیارە خۆم
دڵ وەکوو ڕاوچی لە دووای مامزی حیرس و تەمەع
ڕۆژ و شەو ھەڵپە و بلۆفی دونیای عەززارە خۆم
کەوتە پێشم ڕێگەی دوور بێ تەدارک بێ ئەساس
بێ وڵاغ و بێ زەخیرە و زاد و پوول و پارە خۆم
قەد نەکەوتە فیکری من ڕۆژێ کە تۆ ئەمری و ئەڕۆی
وای کە بێ عەقڵ و شعوور و بێ نەوا و عارە خۆم
بێ ئەمەل ڕۆییم لە دونیا ڕەنج خەسار و دەس بەتاڵ
کردەوەی چاکەم نەکرد وای لە خۆم ھەژارە خۆم
کەوتە پێشم ڕێی بیابان تەھلوکەی بێ نان و ئاو
وای غەریبی دەشتی مەحشەر، بێ کەس و بێ یارە خۆم
سواری ئەسپی جەھل بوومە، ڕوو لە شاخ و دەشت ئەکا
بێ لغاو و زین و ڕەشمە بێ دەس و ھەوسارە خۆم
پێی شەل و قۆناغی دوور سەر جسری سیراتم ئەمن
کۆتەرەی نیوە سووتی قەعرەی جەحیم و نارە خۆم
تای تەرازووی لای گوناھم زۆر گرانە داخەکەم
ڕووڕەش و ڕیسوا لەبەر دەس سَيّدُالأبرارە خۆم
دەس بە زنجیر و عەزاب گیرۆدەی دەستی مەلەک
ڕام ئەکێشن بۆ جەھەنەم ئەو جا زەھری مارە خۆم
دەستی یەئسم دانەناوە گەرچی ترسم زۆر ھەیە
بۆ تەمای حۆری و بەھەشت و میوە و گوڵزارە خۆم
چونکە نەیداوە بە حەق دەرحەق بە ئەھلی تائیان
تەوبە بێ یا ڕەب تەمەننای تەوبەی یەکجارە خۆم
قەترەیە ڕەحمەت بڕێژە دەرحەقی بەندەی ھەژار
بیکەیە باعیس ڕووناکی ئەم دڵەی ژەنگدارە خۆم
ڕۆژ و شەو ناڵەی دەروونم خەڵکی بێزار کردووە
یا ڕەسوولەڵڵا دەخیلەک ڕووڕەش و بێچارە خۆم
لوتفی غەرقی بەحری عوسیان تا بە کەی کردەی نەفام
دەس بەرە کەشتیی نەجات و ھەر بڵێ ھاوارە خۆم