ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٢. ئەوەندە گەڕام لەسەر ڕووی جیھان
ئەوەندە گەڕام لەسەر ڕووی جیھان
داوودە و بەیات چوار کۆمەی شێخان
زەنگەنە و جەباری ھەمەوەند تەواو
جاف و گەڵباخی گەڵاڵی و گۆران
پشدەر و مەنگوور ھەم دەشتی بتوێن
شارەزوور ھەموو ھەتاکوو بازیان
زۆر شوێن گەڕاوم من لە کوردستان
نەمدی خاکێکی وەک خاکی شوان
ئاوی سازگار، مەناخی زۆر خۆش
ھەوای دڵگیر بێ بۆ دانیشتووان
قەڵەم لە وەسفی حەیران دەمێنێ
دەک ئاوەدان بێ بەھەشتی کوردان
پڕ لە ئەنواعی میوە و میوەجات
ئەرازی بێ عەیب جێگەی دغڵ و دان
ھەر وەک بەھەشت سەرچاوەی باخی
مێرگ و وەنەوشە نێرگز و ڕەیحان
زۆربەی دێھاتی ھەمووی چەماوە
زەرعات و میوە دار و دارستان
مەرعای یەک تایە بۆ مەڕ و ماڵات
چەم و ئاوی زۆر وەک باخی جینان
ڵەگەڵ سەگەرمە عەداوەت ئەکەن
بەرانبەرێتی چیای خاڵخاڵان
کاڕووش و بنچک زەل و زەنەکاو
ئەمەندە زۆرە نییە حیسابیان
ژنیان وەک حۆری چاو گەش و ڕوو خۆش
پیاویان بێ عەیبە ھەر وەکوو سوڵتان
سەخی و دڵ گوشاد بە ھەموو دەمێ
ھیچ وەختی خەفەت نییە لەلایان
ھەزار بار میحنەت ئەگەر بارت بێی
ڕۆژێ لەلایان ببیتە میوان
بە سوحبەتی خۆش نوکتەی زۆر لەتیف
دێتە پێکەنین لە خۆشی ئەوان
غەمی زەمانەت لەلا نامێنێ
کە مەجلیس ئەگرن وەعدەی ئێواران
ئیختیارەکانیان گشت کۆ ئەبنەوە
بۆ قاوە خواردن لەلای دیوەخان
بە گاڵتە و سوحبەت قسە لەگەڵ یەک
باسی یەکتری جنێو بە یەک دان
کەسێ گوێی لێ بێ با زۆر غەمبار بێ
ئەکەوێتە سەر ماجەرای ئەوان
سەخی و دڵ فەرەح لە ھەموو وەختێ
ئەگەر نەبێتیش لە ناو ماڵیان نان
چاو تێر، دڵ ڕووناک، لە ھەموو جێگە
بە تایبەت لە گشت دێی «ئالی بەیان»
نەترس و ئازا لە مەیدانی جەنگ
وەختێ بێنە دەس وەک شێری ھەیجان
من ڕجام وایە لە خزمەت باری
دائیم مەحفووز بن لە بەڵای جیھان
دوور بن لە غەم و دەرد و موسیبەت
بژین بەختەوەر شاد و کامەران
لوتفی گەر ڕاستە قسەکانی تۆ
بۆ چی بە جێت ھێشت ڕات کرد لە ناویان
مەدحی عەشیرەتی شوان
١٩٥٩

پەراوێز edit