ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٢٧. چەندم ئاواتە ئەگەر سەعاتێ
چەندم ئاواتە ئەگەر سەعاتێ
خودا لە دونیا شادیم بداتێ
ھیچ فایدەی نییە دائیم لە غەمدام
دائیم بێ ھۆش و سەرسام و شەیدام
ئیمڕۆکە گەنجم سبەینێ پیرم
ئیمڕۆکە ئاغام سبەی فەقیرم
ئیمڕۆ لە وەتەن سبەی غەریبم
ڕەزیل و نەخۆش موحتاج تەبیبم
ئەبینم ھەندێ تیر چێشت و تەعام
بێ خەبەر لە چەرخ گەردوونی ئەیام
ھەندێکیش ھەیە وا لە زیندانە
بێ ماڵ و بێ کەس حاڵ پەرێشانە
یەکێ لە غوربەت وا ئەسیر ماوە
منداڵی وردی لێ بەجێ ماوە
یەکێکی پیرە ئەڕوا بە گۆچان
قامەت چەمێدە دیدە بە گریان
یەکێ ئاوارە بێ لانە ماوە
برسی و ڕەش و ڕووت پشتی شکاوە
یەکێکیش زەلیل ژێر دەستی زاڵم
کەیف لە کوێ بێنم ھاوار بە ماڵم
تۆیش وەکوو ئەوان مەعلووم بەشەری
بۆچ لە حاڵی خۆت وا بێ خەبەری
سەنەدت لە لای خواوە ھێناوە
کە ھەروا بژی لە ڕووی دونیاوە
چۆن تۆ ئەمێنی لە مەکری خودات
لەمانە زیاتر کە سزات بدات
گەرچی تۆ ڕۆژی گەنجێکەت شادە
بۆ دەردی پیری خۆت کە ئامادە
مەڵێ بەھارە دونیا زۆر خۆشە
ھاوین لە دوایە یەکجار بە جۆشە
مەڵێی من ھەمە ڕوتبەی ئەمیری
بەرانبەرێتی دەردی فەقیری
مەڵێی من ئیستا وجوودم ساغە
دوایی مەعلوومە دڵ پڕ لە داغە
گوڵ و گوڵزاری بەھار زۆر خۆشە
نێرگز و ڕەیحان لالە و وەنەوشە
تۆز و بای ھاوین لەگەڵ گەردەلوول
وەک پووش و پەڵاش ھەمووی ئەکا لوول
لوتفی تۆ بۆ خۆت خاک بەسەردا کە
ڕوو بکە لە خوا و پشت لە دونیا کە

پەراوێز edit