چییە ئیمڕۆ دڵی من وا لە ڕاو و کەیف و سەیرانە
گەڕیدەی شاخ و دەشت و دەر لە دامێنی چیاکانە
بە فیکری عارزی ھێنایە بەر چاوی وێنەی دولبەر
گەھێ لە کەیف و شادیدا گەھێ لە شین و گریانە
بە خەیاڵی ھەبا و عەقڵی کەم فامی وەھای دانا
میسالی شەمعە ڕوخساری بە خۆی تەشبیھی پەروانە
ئەڵێم ئەی بێ عەقڵ تۆ چی و خەریکی چی و لە چی ماوی
وەرە واز بێنە لەم فیکرە کە ئاخیرەت پەشیمانە
نەبوو ھەرگیز کە سابیت بێ لەسەر ھیچ شتێ تا سەر
بە وێنەی چەرخی گەردوونە بەدەس نەفسەوە حەیرانە
چاوی تۆ ھەر وەکوو ڕاوچی تیرەنداز بێ بۆ ھەر لایێ
بە دووی ئەو تیرەدا ئەڕۆی بۆیە وا حاڵت پەرێشانە
گەھێ دێنێتە بەر چاوی خەیاڵی وێنەی شیرین
گەھێ ساکن لە خەڵوەتدا خەیاڵ نەقشی خاڵانە
بە دەستی خۆی نییە بولبول کە ترسابێ لە بەردی خەڵک
کە نایێ و نزیکی نابێ ھەمووی ترسی ڕەقیبانە
لە نزیک و لە دوور ئەیڵێ چ ئەزانێ لە عەشقی بار
کە زیکری سەر زوبانیتی گوڵێکی من لە باغانە
کە ڕۆژێ ڕێ کەوێ ئیش ئەڵێی کێ ھەیە ھەر من ھەم
کە برسی بی ئەڵێی یاڕەب ئەمن چی بکەم لە برسانە
بەسە لوتفی ئەوا پیر بووی خەیاڵی ھیچی دونیایی
وەرە تەعقیبی ڕێگەی ڕاست گوزەرکە لەم خەیاڵانە