ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٢٤. چاوەکانم وا دیارە فیکری گریانی ھەیە
چاوەکانم وا دیارە فیکری گریانی ھەیە
دڵ و جەرگم وا ئەسووتێ بۆنی بوریانی ھەیە
ھەوری میحنەت گرمەگرمی موڵکی دڵمی دائەگرت
وا ڕژاندۆتی بە سەرما مەیلی تۆفانی ھەیە
ڕۆژ و شەو دەنگی غەزەب دێ وا لەبەر ئەوجی سەما
میللەتی کوردم کە ئیمڕۆ شین و گریانی ھەیە
من لەژێر باری سیاسەت دڵ حەزین و پڕ لەغەم
کاکیشم زۆر بێ دەماخە کەیفی سەیرانی ھەیە
شیوەنی سەختم لە پێشە ڕێگەکەم دوور و خەتەر
دڵ ئەناڵێی زۆر بە سۆز ئازاری ھیجرانی ھەیە
خۆم لە خۆم حەیران ئەمێنم یەک وجوود و سەد میزاج
چاو لە گریان دڵ حەزین و مەیلی ناڵانی ھەیە
لوتفی بەس ورد بە لە تەقدیری حەق و زاتی خودا
کوللی حوکمێکی بزانە سڕی نیھانی ھەیە

پەراوێز edit