شاعیر: لوتفی کتێب: دیوانی لوتفی سەرناو: چاوەکانم وا دیارە فیکری گریانی ھەیە چاوەکانم وا دیارە فیکری گریانی ھەیە دڵ و جەرگم وا ئەسووتێ بۆنی بوریانی ھەیە ھەوری میحنەت گرمەگرمی موڵکی دڵمی دائەگرت وا ڕژاندۆتی بە سەرما مەیلی تۆفانی ھەیە ڕۆژ و شەو دەنگی غەزەب دێ وا لەبەر ئەوجی سەما میللەتی کوردم کە ئیمڕۆ شین و گریانی ھەیە من لەژێر باری سیاسەت دڵ حەزین و پڕ لەغەم کاکیشم زۆر بێ دەماخە کەیفی سەیرانی ھەیە شیوەنی سەختم لە پێشە ڕێگەکەم دوور و خەتەر دڵ ئەناڵێی زۆر بە سۆز ئازاری ھیجرانی ھەیە خۆم لە خۆم حەیران ئەمێنم یەک وجوود و سەد میزاج چاو لە گریان دڵ حەزین و مەیلی ناڵانی ھەیە لوتفی بەس ورد بە لە تەقدیری حەق و زاتی خودا کوللی حوکمێکی بزانە سڕی نیھانی ھەیە ++++++++++++++++++++++