ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٢١. پێم بڵێن ئیمڕۆ چ ڕۆژە کائینات ھاتە ھەژان
پێم بڵێن ئیمڕۆ چ ڕۆژە کائینات ھاتە ھەژان
کەوتە جونبش شار و دەشت و بەینی ئەرز و ئاسمان
دەنگی ھاواری مەلەک گریان و شینی ئینس و جان
وا ئەزانم کە لە دونیا بۆتە ڕۆژ ئاخر زەمان
ھەڵسن ئێوە ئەی گەلی کورد دەس بکەینە ئاھ و شین
ئەشرەفی ئەولادی حسەین ئەھل و بەیتی تاھرین
عالیمی عیلم و تەریقەت قائیمی ئەرکانی دین
ڕووحی شاد بوو سەیید ئەحمەد ئیمڕۆ بۆ دارالجنان
وەرن ئێوە تائیفەی ساداتی کوردستان ھەموو
یەک و دوو ھەریەک لە لایێ کۆ ببنەوە زوو بە زوو
تەعزییەک سەیید بکەین چون بۆ ھەموومان گەورە بوو
سێبەری ئەو زاتە پاکە گرتبووی ڕوویی جیھان
تاجداری ئەھل و بەیت و مەعدەنی سیدق سەخا
خاوەنی عز و شەرەف زومرەی شیری ئەتقیا
لە زەمانی بۆ شەجاعەت ھەر وەکوو شای مرتەزا
جوودی حاتم ھەر بە بیستن جوودی سەیید بە عەیان
کاتێ چوومە خانەقاھ چاوم کە گێڕا خوار و ژوور
فیکری پێشوو کەوتە یادم سەیلی ئەشکم ھات بە خووڕ
ئاھی سەردی زەرد و سوورم پێنیشان دام نەفخی سوور
وا ئەزانم غەرقی بەحری غەم بووین سەر تا پێیان
شەرتە ئیتر خزمەکان من نەچم بۆ خانەقا
پاشی سەیید خۆم لە قوڕ نێم شان و قۆڵم تا بە پا
تا بمێنم شەخسێکی تر پەیڕەوی ئەو زاتە کوا
داخەکەم تەعریفی مەردی قەت قەڵەم نایکا بەیان
وا ئەزانم ئێمە لەم چەرخە کە دوو باڵمان ھەبوو
چەن لە خۆش و کەیف و شادی حاڵ و ئەحواڵمان ھەبوو
وا ئەزانم پادشا بووین گەرچی ھیچ ماڵمان نەبوو
غیرەتی ئەحمەد و مەحموود بۆم بووە ڕوتبەی نیشان
داخەکەم زاتی وەھا لەم چەرخەدا زۆر کەم بووە
بۆ شیفایی ئازاری عالەم دائیما مەرھەم بووە
بۆ ھەژار و بێ نەوایان سەر دەسەی کەرەم بووە
دەستی بەخشەندەی بە دائیم ھەر وەکوو دەریای ڕەوان
گەرچی من ھەر غەم بخۆم سەیید لە دەسمان وا گوزەشت
وا ئەزانم ڕووی سەر عەرد چۆڵە گشتی بۆتە دەشت
سا خودا شادی بکەی ڕۆحی بە سەیرانی بەھەشت
جەننەتی دارەلبەقا بۆی ببێتە جێگا و مەکان
وای کە عومرم قەت نەمێنێ دونیا تۆ بۆ چی وەھای
ھەر دەمێ دۆستی کەسێکی چەندی بێ شەرت و وەفای
چەندی بێ شەرم و شعوری چەندی بێ فیکر و حەیای
سەییدیش وا تۆی بەجێ ھێشت ڕۆی بۆ دارالجنان
لوتفی دونیا ھەر وەھایە تا بەسەر وەفای نییە
ھەر وەکوو کاروان سەرایە ھەرچی ھات و ڕۆییە
سەییدیش ئەلحەمدولیللا خۆ جێگەی خاڵی نییە
«حوسەین» و «کاکە حەمە» مەوجوودە وەک شێری ژیان
بەبۆنەی کۆچی دوایی جەنابی سەیید ئەحمەدی خانەقاوە
١٩٥٢
کەرکووک

پەراوێز edit