پەنا بە دەرگات شای خَيرُ البَشَر
لە دونیا و عوقبا ھەر خۆتی ڕابەر
ئەگەرچی زۆرە جورم و گوناھم
لە خزمەتباری من ڕووسیاھم
ھەتا گەردنم ناو بەحری عوسیان
ڕجام قەبووڵ کە دەستم بە دامان
خۆت شەفیعم بە ئەی عالی مەقام
چونکە سەرتاپا من غەرقی خەتام
بەڵکو لە سایەت ئەی نووری بەسەر
بگەم بە مەرام لە ڕۆژی مەحشەر
باری سەرشانم گەلێ گرانە
دەردم کوشندە بەبێ دەرمانە
گوناھم زۆرە بێ حەد و ئەژمار
گەلێ مەلوولم بۆ ڕۆژی پرسیار
وەھا شێواوە شعور و ھەستم
دەبینی دائیم وەک گێژ و مەستم
دەفتەرم سیاھ زۆر شەرمەزارم
چاوەڕێی ڕەحمی پەروەردگارم
مەگەر ھەر بە خۆی ڕەحمێ بنوێنێ
ڕزگارم بکا و خەمێ نەمێنێ
ئەگینا لوتفی زۆر پەرێشانە
بۆ حاڵی زاری ھەر لە گریانە