وەکوو بیستوومە ئەمڕۆکە ئەڵێن کوردێ مودیرمانە
سەد شوکر ئەلحەمد لیلا کە نەوبەت وا سەریرمانە
ھەزار حەمد و سەنا یاڕەب کە من دیتم بەچاوی خۆم
مناڵی کوردە ئیمڕۆکە لە سەد جێگە ئەمیرمانە
زەمانێکە ھەژاری کورد لەژێر باری ڕەزالەت دان
فڕێدەن ئێوە بەرگی جاو ئیتر نەوبەی حەریرمانە
دە کوردە ئێوە شادی کەن تکا کارین لە زاتی حەق
تەمی زوڵمەت لەسەر لاچوو نۆرەی بەدری مونیرمانە
چەن عەیامێ ملکەچ و ژێردەس وەکوو عەبد و خەدەم
خەم و ئازاری ئەو عەسرە بە ھەموو دەم وا لە بیرمانە
ھەتا ئیمڕۆکە دوڕاج بووین زەلیلی دەس ھەموو عالەم
لەسایەی عیلمە شاھین بوین ئیتر نەوبەی نەچیرمانە
زمستان ساردی بابڕوا بەھاری شادی پەیدابێ
غوباری غەم دەبا لاچێ کە وەعدەی ماست و شیرمانە
زەمانێکە وڵاتێ مە وەکوو سجنە لەبۆ کوردان
ئومێد وایە لەمەولا خۆشە وەک دەشتی ھەریرمانە
دۆعای چاکە ئەکا لوتفی لەبۆ مەئموورەکانی کورد
کەنەسڵی کوردە ئیمڕۆکە لەحاڵەتدا وەزیرمانە