ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٠٥. لەسەر جێ ناساغ وەعدەی سەفەرمە
لەسەر جێ ناساغ وەعدەی سەفەرمە
سەفەر یەکجاری ڕوو لە خەتەڕمە
دەردی مردنە وا جەستەمی گرت
ئەڵێی ئاگرە لە ناو جگەرمە
ئەعزام ئەسووتێ وەک کوورەی ئاگر
ھەوای عزرائیل وەکوو سێبەرمە
ھیچ گوێ نادەمە گریانی منداڵ
چونکە خەفەتی مردن لە بەرمە
ئەزانم ئەمرم ڕزگارم نییە
وەکوو چۆلەکەی چنگی سەقەرمە
ژن بۆ مارەیی نووکەنووک دەکەن
مەلا بە تەمای کەوا و مێزەرمە
کوڕەکان ھەموو ئەڵێن باوکەڕۆ
حازرە بۆ بەش مەڕ و گا و کەرمە
کوێر و شەل بیستیان ھەموویان ھاتن
ئێسقان ئەکرێ بۆی بەم گەرماوگەرمە
سەگ و پشیلە کەوتنە ھاتوچوو
بۆ کەرتێ ئێسقان یا پارچەی چەرمە
منیش داخڵ بووم بە ژێر ئەو خاکە
سا خودا ناوت ویردی سەحەرمە
لوتفی تا ماوی خاک بە سەردا کە
بڵێ پەنای حەق خَيرُ المَقَرمە

پەراوێز edit