ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
١٠٣. لێم گەڕێ توخوا ئەرێ برا گیان
لێم گەڕێ توخوا ئەرێ برا گیان
عاجز دانیشم داماو و حەیران
دەبا بنۆشم جورعەی جامی تاڵ
دەبا نێو دەروون بێتە کۆی زووخاڵ
دەبا شیوەن کەم ھەتاکوو ماوم
وەک سەیل با خوێن بێ لە ھەر دوو چاوم
ژینێ ھەر بە غەم دیلی ڕۆژگارم
لە ڕاست ھەموو کەس من شەرمەزارم
بێ تین و تاقەت ئاشوفتە حاڵم
لە بەدبەختیدا وێرانە ماڵم
عەیبێ شک نابەم بە غەیری پیری
دامێن گیرم بوو لەگەڵ فەقیری
ھەردووکی ڕێکەوت بەرگی غەم و تەم
پۆشایە بەرم عیللەتی ماتەم
وجوود وەک فەنەر لەسەر تا بە پام
خۆمیش نازانم بۆچ وا تێک شکام
تازە بە من چی دیدەنی دۆستان
دۆست و ھاوڕێی من وان لە گۆڕستان
بە من چی سەیری ڕوخساری دولبەر
بە من چی بادە و شەرابی کەوسەر
بناڵە لوتفی مانەندی مەجنوون
تا ئاوی دیدەت تێکەڵ بێ بە خوون
دە با بنۆشم

پەراوێز edit