ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
گۆران لە کۆڕی خەباتا
١٣. بۆ سەربازی جومهووریمان
ئەی لاوەکان!
باوکان، دایکان، برا و خوشکان،
دەزگیرانە چاوجوانەکان،
تێرتێر دەستیان کردە ملتان،
ماچیان کردن،
بە پەلەپەل... بە پەلەپەل...
بڕۆن بۆ ژێر بەیاخی گەل!
چەک هەڵگرن،
بەرگ بپۆشن،
وا بورووژێن، وا بخرۆشن:
دابلەرزێ دڵی دوژمن!

ئەی لاوەکان!
ئێستا دایکان
لە سنگ نادەن،
شیوەن ناکەن،
کە کوڕیان ئەچێتە ژێر چەک!
شوکری خوا ئەکەن هەزار لەک،
کە کوڕیان بۆتە شێر بۆ گەل،
دوژمنی گەل ئەکا پەل پەل!
باوکان دەستەئەژنۆ و خەمبار
دانانیشن وەک پار، پێرار،
چونکە کوڕیان بوو بە سەرباز،
کز و بێ ناز،
بێگار ئەکا بۆ ناپاکان!
ئێستە خوشکان،
خەم سیس ناکا گوڵی ڕوویان
بۆ دەزگیرانیان، بۆ کاکیان،
ئێستا کچان،
گشت ئافرەتان،
گوڵ بارانی سەرباز ئەکەن،
خۆیشیان وەک پیاو سەرباز ئەدەن!
چونکە دەزگای تازەی وڵات
بە بێ خەبات،
بێ پاس و بێ پارێزگاری!
سەقام ناخوا هەرگیز کاری!
تێریی، پۆشتەیی و شادیمان،
سەرفرازی و ئازادیمان،
بەیاخەکەی «جومهووری»مان:
هۆی شانازی و ڕووسووریمان،
گشت لەسەر خەبات وەستاوە،
ئەویش پیشەی ڕۆڵەی لاوە!
ئەی لاوی کورد!
ئەو ڕۆژە مرد:
کە من و تۆ و درشت و ورد
لە سەربازیی سڵمان ئەکرد!

ئەو ڕۆژە چوو
کە ئەوەندەی شەو تاریک بوو!
ئێستا ڕۆژی جومهوورییە،
ڕۆژی مەردی و ڕووسوورییە!

بڕۆ ئەی لاو،
وەک کوڕی پیاو،
بەرگی خاکی بکەرە بەر،
لە قوببەی ئاسمان بسوو سەر!
وێنەی شێری چەش بنوێنە،
دڵی دوژمن داخورپێنە،
دوژمنی گەل،
هیی گشت جیهان،
کە ئەگێڕێ چاوی بۆ هەل،
ئاگر هەڵسێنێ لە خەرمان،
تا گشت ئینسان
بێ سەر کا وەک قۆچی قوربان!
تا ساوای ناو بێشکەی سووتاو
لە شیش دا وەک جەرگی برژاو...
ئەی ڕۆڵەی کورد!
ئیمپریالیست ئەو باوکەی مرد
کە برای عەرەب لەگەڵ تۆ
وەک جاران بکا ڕەنجەڕۆ!
بێت تەقە بێ لە تفەنگی
بە ملیۆنان مەردی جەنگی
پشتت ئەگرن،
وەک ڕەشکەی کا ورگی ئەدڕن!
پتر لە ملیار ئاشتیخواز
پشتیوانتن، ڕۆڵەی سەرباز!
سلێمانی - ١٩٥٨

پەراوێز edit