ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
گۆران لە کۆڕی خەباتا
١٢. بت، بتەوان
ڕابووردوو:

هەبوو، نەبوو
سەردەمی زوو
بت، بتەوان،
پیرە شەیتان
بت دروست کەر
بتەوان گۆش دەر
بت پەرستی بە ئایین کەر
ڕەگ داکەوتووی ئیمپریالیست
خوێنمژی ئاسایش نەویست!
بت، بتەوان
پیرە شەیتان

بت پەرستیان دابووە بەر
تێیان ئەخوڕی، وەک گا، وەک کەر
- دەی! لەشی بت بگرەرە زێڕ
شەیتان تێر کە بە خێر و بێر
جێگا خۆش کە بۆ بتەوان
لەسەر سەر، گلێنەی چاوان!
شەیتان و بتەوان و بت،
بەرامبەریان کەچ کە ملت؟
هەر بت خوایە!

هەر بت خوایە!
هەر بت پەرستی بڕوایە!
هەر شەیتان، بت، هەر بتەوان!
بڕواکانی تر هەموو بان
ڕوو لە خاکی بەرپێی بت سوو
یەک بەری ڕەنج بکە بە دوو،
بیهاوەرە جانتای شەیتان،
بۆ بتەوان!
زمان لاڵ کە، گوێچکە کەڕ کە
کوێر بە، وەک کەر زەڕەزەڕ کە!
بۆ بتەوان
بۆ بت، شەیتان،
بۆ نۆکەریان!
ئارەق ڕەش و شین بڕێژە،
هەزار دەردی سەر بچێژە،
کۆشک دروست کە و باغ بنێژە،
بۆ بت، بتەوان و شەیتان...
هەر ئەمەیە مانای ژیان،
ڕاست و دروست
بۆ بت پەرست!

- بت پەرست نیم،
نابم و نیم،
کابرایەکی ڕووت و برسیم،
ناساخ، گیرۆدەی نەزانیم
بۆ بەرگ و ناوماڵ پەڕپووتم
بۆ خۆم ئەوێ بەری جووتم،
بڕوای من بە سبەینێیە
مژدەی ڕزگاریمی پێیە،
لە برسێتی و لە هەژاری
لە نەزانی و دەردەداری
لە ستەم و جەور و بێگار
لە قەدەغە و ئەشکەنجە و دار
ئازاد ئەبم،
پاش دڵتەنگی دڵشاد ئەبم!
بت پەرست نیم،
نابم و نیم...
کابرایەکی ڕووت و برسیم
بە هیوای پاشەڕۆژ ئەژیم!
هێزی باڵ تک تک ئەڕێژم!
نەمامی دواڕۆژ ئەنێژم!
خوار و ژووری ئەم عیراقە،
شین ئەکەم وەک کەوای تاقە!

- هەی کفرکەر! ...
هەی ڕووخێنەر! ...
هەی تاوانیی! ...
هەی نان بڕی بتەوانی! ...
نەموت کەڕ بە؟ نەموت کوێر بە؟
نەموت عیلمی لاڵی فێر بە؟
بیری نوێی پیس لە سەر دەر کە،
هەزار دەق خۆت گەوج و کەر کە؟
ئێرە خاکی بت پەرستە،
تەنیا بە چپە دروستە،
ڕاپۆرتی ڕاست بدەی بە من،
بەڵام درۆ:
«گیانم: درۆ!
ژینم: درۆ!
دەستمایەی ئایینم: درۆ!»
بت پەرستێک پێی ڕەوایە
جاڕی دا، پڕ بەم دنیایە!
لە تۆم ئەوێ بیر بگۆڕی
ڕەنگ بگۆڕی
دەنگ بگۆڕی
بڕوای پیاوی ژیر بگۆڕی!

- بت پەرست نیم،
نابم و نیم،
ئاواتەخوازی سەربەستیم
خەبات ئەکەم بۆ ئازادیم...
ئێستا شەوە،
گەرچی شەوە،
چاو بە خەوە،
بەڵام کاروان لەسەر ڕەوە
بەرەو قۆناغ ڕەو بە دەوە...
ئەو کاتە دێ کە ڕۆژ هەڵدێ
گوێ تێر ئەبیە و چاو ئەبینێ!
بێ ترس و لەرز،
لە چیای بەرز،
لە چەم و دۆڵ،
دێ گەلی چۆڵ
لە نوێ یەک یەک ئاوا ئەکەم،
ئەخۆم، ئەنووم، ئەژیم بێ خەم!

- بت پەرست نیم،
نابم و نیم،
تینووی سەربەستی و ئازادیم! ...
- ئەم کابرایە!
بێ حەیایە...
بێ بڕوایە...
بێ شەیتان و بت و خوایە...
دەی! یاساوڵ! دۆزەخەوان!
کێشی کەنە کونی زیندان!
زمانەکەی لە بن ببڕن،
گاز لە قوڕقوڕاگەی بگرن،
لە قوڕاوا بیگەوزێنن،
نینۆکی لە بن دەربێنن،
مووی سەر بە چەرمەوە بگروون،
برۆ و سمێڵ پاکتاو بدروون،
سەربەرەوخوار هەڵیواسن،
داخی کەن بە شیشی ئاسن
دەی، یاساوڵ! دوو چاوی زەق
دوو کاسەی خوێن،
ببڕە چاوی و دەم پڕ لە جوێن،
تێی بەرببە بە زللە و شەق
گورز و مەترەق
یا ئەوەتا، ئیمان بێنێ،
یا ئەوەتا...
هەتا... هەتا...
گۆڕی زیندانی تەنگ جێی بێ،
زنجیر بەندی دەست و پێی و بێ!
***
- ئێستا شەوە.
گەرچی شەوە...
چاو بێ خەوە...
سەرم گێژە...
شەو درێژە...
ئەی چاوی زام
زووخ بڕێژە!
ئەی شوێن ئەشکەنجەی مۆر و شین
با ئازارت پل دا چین چین!
تا وەک من، دیلی کولانە
کەڵەشێر جاڕ دا: بەیانە،
نانووم لە تاو ئێش و ئازار
ڕائەژەنم لەشی زامار!
چاوی هیوام ئەبڕمە دوور،
سرنج ئەدەم لە ئاسۆی سوور! .
شەو درێژە،
ئازار سەختە،
دیزەی دڵ لە خوێن لێوڕێژە
لافاوی ڕق نەختە نەختە،
گوڕ ئەخاتە هێزی زاتم
جۆش ئەدا گەرمیی خەباتم!
لێکدانەوەی دوور و درێژ،
وەک کەشتی ئەمخاتە ناو گێژ
تاوێک ئەڵێم:
من چیم؟ من کێم؟
کابرایەکی بێ دەستەڵات!
ئەی بت؟ ئەی بتەوان؟ شەیتان؟
خاوەندانی دەزگا و دووکان؟
خاوەندانی هێزی وڵات!
کەوابێتە، با مل کەچ کەم؟
لەپ لە ناو دەمی خۆم ئەدەم:
هەی ترسنۆک! هەی بێ ورە!
پیاو بە! دان بە خۆتا بگرە!
لێو بکرۆژە!
پاش شەو، ڕۆژە،
لەسەر خەبات
ئازایی و زات
بڕۆی تا سەر، ئەنجامی کار،
ئەبی لە دەستەی بت ڕزگار!
بت ورد ئەکەی، ئەیکەی بە خۆڵ
بتەوان ئەکوتی وەک دەهۆڵ
شەیتان ئەکەی بە پەڕۆی پەن،
ئەیهاویتە دوور لە وەتەن
دەزگای بۆگەن ئەڕووخێنی،
ژینی تازە دائەهێنی!

١٤ی تەمووز:
- کوانێ بتم؟
- کوشتم! کوشتم!
- کێ کوشتی کێ؟ بتم کوانێ؟
- من کوشتم، من... کێ نازانێ؟
بت زێڕ نەبوو، موقەببا بوو،
خولم پێدا تەنیا بە فوو!
موقەببا بوو، موقەببا بوو،
چەن گەوج بووم ڕۆژانی زوو؟
وام ئەزانی پێچکەی تەختی
دامەزراوە لە سەر سەختی...
کەچی بە یەک دەستڕێژی تۆپ
تەخت وەرگەڕا، بەخت وتی: هۆپ!
- من بتم دایە دەست خاڵی...
پاسەوانی وەک گەماڵی
سەری خۆیشی و ئەویشی خوارد
ئەویش ئێسقانی بوو بە ئارد!
- ئاخ بتم ڕۆ! داخ بتم ڕۆ!
هەزاران وردەشتم ڕۆ!
ئەی بتەوان کوا؟ بتەوان؟
نابوومە ناو عەبای ژنان...
ئاخ بتەوان! داخ بتەوان!
عەباکەم لە سەر داماڵی،
لێی نەئەهات! دایکی ئاڵی!
گرتم، خستم، وەک دەڵەدێو،
تفم لێ کرد، پێم دا جنێو،
بە لەقە چوومە سەر ورگی،
کوتام تا مرد، مەرگی گورگی!
***
- سا مەرگ شەیتان!
بت، بتەوان،
خوێنیان بڕژێ،
گەلی عیراق بیانکوژێ...
دەزگای گشت نەیرەنگ و فێڵم
لەم ڕۆژەڵاتە جێ بێڵم
کەچی لە ترسی دەنگی دوور،
ناڵەی تۆپی سنووری سوور،
لە تاو قیڕەی ئاشتی خوازان،
بۆ قەدەغەی شەڕ لە ئینسان،
ناچار بم، سەری خۆم شۆڕ کەم،
بۆ کۆچ ناوماڵم لە هۆڕ کەم،

هەی داخەکەم!
هەی داخەکەم!
***
بتم شکان،
دوو بتەوان،
کوژران، نەمان،
چنگ لەسەر شان!
لە نیشتمان!
ئێستا بە ڕاست بت پەرست نیم،
سەربەست، ئازاد، ئازا ئەژیم...
بەڵام هێشتا بۆ ڕزگاریم
لە دوژمن، برسێتی، ڕووتی،
نەزانی و دەرد و نابووتی،
ڕێم لەبەرە... نابێ کول بم،
دیلی بەنە و فیزی زل بم
ئەبێ وەک پیاو، وەک پاڵەوان،
بە ڕەنجی شان،
کۆشکی وڵات بنیات بنێم،
وێنەی بەهەشت خۆش بکەم جێم!
دوژمنم: شەیتانی نەگریس،
ئەمریکا بێ، یان ئینگلیس
تا ماوە چاوی لێم زیتە...
«ئەمە خووی ئیمپریالیستە!»
بێت و سیستیم لێ ببینێ،
کۆنەپەرست ئەورووژێنێ!
دەرەبەگ، کلک، کرێ گرتە
هان ئەدا بۆ بۆڵە و خوتە،
بۆ کەڵەک و بۆ فڕ و فێڵ،
تەنانەت بۆ بە پاچ و بێڵ
خاپوور کردن...
ئەبێ وریا بم، وریا من!
من گەلم، گەلی عیراقم
عەرەب ئەم لاق، کورد ئەو لاقم
ڕێی کاروانم ناهێمن بوو،
شوێن بۆسەی هێزی دوژمن بوو،
مۆڵم دابوو لە شوێنی خۆم،
نەمئەوێرا بار کەم، بڕۆم...
وا ئێستا ڕێم بەرەڵڵایە
خواستی کۆچم لە دڵایە،
هێند گەرمە کەڵکەڵەی سەرم
وەک گوللە تیژ تێئەپەڕم!
بەسەر ڕێگای پێشکەوتنا،
ڕێی خۆ بەختیارکردنا!
بەعقووبە - ١٩٥٨

پەراوێز edit