ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
گۆران لە کۆڕی خەباتا
١٤. بۆ لاوان
ئەی لاوانی گشت دنیا!
هەلسینکی،
باخچەی زەمەقی سپی،
کە لە گەرمەی هاوینیا
ناسکیی بەهار دیارە،
ئەمجارە
جێگای میهرەجانتانە!

وەک درێژی و ڕووناکیی
شەبەقی،
مێشکتان پڕە لە بیر،
وێنەی گوڵی زەمەقی
دڵتان پڕە لە پاکی،
پاکیی ڕەنگی سپیی شیر...

ئەی لاوان!
کچان، کوڕانی ڕووی ئەرز!
با گۆرانیتان ئاسمان
کەڕ کات بە شەپۆلی بەرز!
بە سەد زمانی جیا جیا،
وەکوو هەور بگرمێنن
یەکیەتیی لاوانی دنیا
بە هەموو کەس بنوێنن!
با ئەوانەی لە شەڕا،
تا خەڵک بمرێ، گۆشت ئەگرن،
بزانن،
چەک هەڵناگرێ لە برا
هیچ لاوێ!
هیچ لاوێ شەڕی ناوێ!

ئەی لاوان!
هەر ئێوەن:
بەهاری ژینی ئینسان،
هەر ئێوەن:
ئاغای سبەینێی ژیان!
ئاغای «ئەمڕۆ - داگیرکەر»
ئەبێ زۆر باش بزانێ،
ناتوانێ:
بۆ شەڕ ئێوە باتە بەر!
برا، برا ناکوژێ،
خوێنی دایک نامژێ
- خۆشەویستیی خۆی تیابێ -
هەتا دنیا دنیا بێ!

دڕندەی شەڕ لەشی ژین،
بە برین،
وا شڕ ئەکات، سبەینێ،
کاسەی شکاوتان، هەنگوین،
تک لە بنیا نەمێنێ!

ئەی لاوان!
میهرەجان،
وێنەی هاوژیانییە؛
هەر کاتێکی ژیانی
عومرێک خۆشی و جوانییە!

خوشکان و برایانی
دنیای زۆر نزیک، زۆر دوور،
هێزی ئاشتی و برایی
یەکی خستوون لە باکوور
وەک چەپکە گوڵی شایی،
سپی و ڕەش و زەرد و سوور،
تێکەڵ بوون...
بە ڕۆژ، بە شەو تا ئەنوون
بەستەتان وا لە دەما،
یاری ئەکەن و سەما...
بێ کۆڵ دان، بێ ماندووبوون،
لە ئاشتیی جیهان ئەدوون!

ئەی لاوان!
مشتی وەک پۆڵای ڕقتان
ڕاست کەنەوە لەوانەی
تەم ئەخەنە شەبەقتان،
نایانەوێ کە سبەی
سەرانسەری ژیانتان:
هەر جەژن و میهرەجان بێ!
وەک فینلەندە جیهانتان
شەوی لەسەر بەیان بێ!
تێیان خوڕن - لەوانە -
شێرانە!
با ئەو چەکەی پێیانە،
فڕێی دەنە بن دەریا،
تا دنیا
داخەکەی هێرۆشیما
ساڕێژ ببێ لە دڵیا!
تا ئینسان،
لە سێبەری ئاشتییا،
دەستی بچێتە فرمان،
لمی دەشت، بەردی چیا،
پڕکات لە گوڵ و لە نان!

ئەی لاوان!
ئەوسا چواروەرزەی ژیان،
بۆ گەلان
گشت، جەژن ئەبێ و میهرەجان!
بە بۆنەی میهرەجانی هەشتەمی لاوانی جیهانەوە بۆ ئاشتی و برایەتی لە هەلسینکی، فینلەندە، هاوینی ١٩٦٢

پەراوێز edit