ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
گۆران فرمێسک و هونەر
١٣. گەشت لە قەرەداغ
١
عاسمانی شین و ئەستێرەکانی
پێدەکەنین بۆ بەری بەیانی؛
گڵۆپەکانی سەرجادە و کۆڵان؛
زەرد هەڵگەڕابوون، کزکز ئەسووتان.
دەڕژا لەسەردا کزەبای بەیان،
ئەیلەرانەوە کولە و پەردەکان
شاری پەنجەرە و دەرگا داخستوو:
وەک یەک گیاندار و بێ گیان تیا نوستوو
ئا لەم کاتەدا کە خەو زۆر خۆشە،
هەستە و بەرگی ڕێ خێرا بپۆشە؛
کۆڵانە و کۆڵان بڕۆ بەرەوخوار
بگەرە شوێنی کۆمەڵی ڕێبوار!
٢
لەبەر دەرگای «بەگ» چارەوێ وەستاو،
هەندێک زین پۆشە، هەندێک ناتەواو!
سەر و توورەکە بەرەو زەوی شۆڕ،
بە کرمە کرمی ئالیک گەرمە کۆڕ
کورکە و نیوحیلەی ئالیک دواکەوتوو
خەو ئەتارێنێ لە هاوسێی نوستوو
دووسێ لادێیی و یەک دوو خزمەتکار،
فیشەکدان لە پشت، تفەنگ جانبێزار،
هاتوچۆیانە بە گورج و گۆڵی
بەڵام پێک نایە ئیش بۆ کڵۆڵی:
دوان لە هاوڕێکان هێشتا نەهاتوون،
ماڵی «بەگ» تازە خەریکی توێشوون!
ئاخ، هاوڕێی تەمەڵ، حەڵوای ئاردی جۆ!
چۆنتان خستینە گەرمای نیوەڕۆ؟
٣
سوار بووین، کەوتینە بناری سەیوان،
ڕووی دنیا ڕووناک، بەیانی زۆر جوان!
شینایی دەشتی «تەکیە» و بەرەوخوار
پاراو بوو چەشنی ئەگریجەی نازدار!
گوڵەبەڕۆژەی قژزەردی چاوکاڵ،
مل کەچ وەستابوو: سەرگەرمی خەیاڵ!
لەسەر قەبرەکان داری ئەرخەوان
وەک بووکی تارا سەوزی ئاودامان
ڕوو لە عەرشی پاک ئەلەرایەوە
بۆ گیانی مردوو ئەپاڕایەوە!
سەیوان کەوتە پشت بەرەو تانجەڕۆ
بە نەرمەغار و ڕەوتی خۆش بڕۆ!
لای «قەرەتۆغان » سەرم هەڵبڕی
ئاڵتوونی زەردەی لووتکەکانم دی!
٤
ڕێگای دێهاتی دەمی بەیانی،
قەڵەباڵغە بۆ سلێمانی
پۆل پۆل ژن و پیاو لە دووی کەر و بار،
سڵاوێک ئەکەن مل ئەنێن بۆ شار!
ئەم کۆمەڵانە تیایەتی جارجار،
جوانێکی لاوی کۆڵەوانە لار،
سەرتاپا خشڵی زیوی وا پێوە،
ئەڕوا و هاڕەی دێ و ئەبریقێتەوە!
لە عاستت سڵێک ئەکا بۆ لاڕێ،
بە نیونیگای مەست تێیشت ئەنواڕێ
ئەی جوانی لادێ بە سەرنج و سڵ،
لێت ورووژاندم خەیاڵاتی دڵ،
ئیتر... جڵەوە، شلە و سەرە شۆڕ،
ئاوات خواستنە و خەو بینینی زۆر!
٥
ڕۆژ ڕمێک بەرز بوو، داپەڕینە چەم،
ئاو شین، مەرەزە سەوز و گوڵ بەدەم
عەکسی سەوزایی ڕووی پڕ لەرەی ئاو،
تیا ئەشکایەوە پرشنگی هەتاو!
ڕەنگ ڕەنگ پەپوولە ئەفڕی زەلاوزەل؛
گا کناچەی پۆڕ، گا جریوەی مەل
هەوای پڕ شنە چەمی ئەلەرزان،
پێی ئەهاتە جۆش کوورەی شادیی گیان!
لە ژوورمانەوە پردێکی ڕووخاو،
سێبەری کرکی ئەکرد بۆ پەنگاو،
شارەمێروولەی ناو پەنگاوی قووڵ:
پۆل پۆل ماسی بوو ئەیکرد جموجووڵ!
نامانە مل چەم سوار لە شوێن سوار،
شڵپ و هووڕ کەوتە ناو تەنکاوی بوار؛
وڵاخ ڕووی ئاوی ئەکرد سم کاری،
ئەپژا بارانی دوڕ و مرواری!
٦
لە چاخانەکەی «کانی سپیکە»
ژانەسەری چا و ئارەزووی تیکە،
ڕاگیری کردین سێ چارەک سەعات؛
توێشوو نیوە بوو، وردە دوایی هات
چای عادەتیمان بوو بە پێنج و شەش،
کەم خۆر لە زۆرخۆر زیاتر ئەیویست بەش!
فڕان فڕانی حەڵوا و پەنیر بوو!
زرمە و بناگوێی خورما و هەنجیر بوو
بێ زۆر دائەنیشت کز بە نابووتی،
«تەق!» گوێزێک ئەیدا لە لووتکەی لووتی؛
بۆ قوازتنەوەی تا ئەکەوتە کار،
«زۆردار» لێی ئەفڕان یەکەم پەلامار!
بە هەچ دەردێک بوو نان و چا خورا
دیسان بۆ ڕێگا ناوی خوا برا
٧
وا هەتاو گەرمە ڕووی زەوی داخە،
ڕێگای ئێستامان بناری شاخە
دیمانەت بە خێر یەکەم داربەڕوو!
گابەردی لاڕێی لاڵ و پاڵ کەوتوو!
تاکوو ڕزگار بووین لە بناری شاخ،
کردینی بە ئاو ڕۆژی پرشنگ داخ،
بەڵام سەرەوژوور ڕۆیشتین کەم کەم،
بای فێنک کەوتە شنەی دەماودەم
بۆنی درەخت و دەوەنی ناو کێو
تازەی کردەوە نیوگیانی سەر لێو،
قەمچیمان وەشان سەرەوژوور دیسان،
شەق، ناڵ بوو ئەیدا لە ڕێی بەردەڵان!
وڵاخ بە پڕمە و هەناسەبڕکێ،
بەسەر پلەدا فڕێی ئەدا پێ
بڕۆ! بەم ڕەنگە، پێچاوپێچ، دەی دەی،
ئەمجا لەسەر شاخ تێر ئەڵێی ئۆخەی!
٨
تاوێک لامان دا، بۆ پشووی وڵاخ،
دانیشتین: پشتەو دۆڵی قەرەداخ
بەردەممان دەشتی سەوزی شارەزوور،
شاخ گرتوویە لێی دەوراندەوری دوور!
دەشتی تەخت و پان، دەریای سەوزایی،
خاڵ خاڵ تیا دیارە شوێنی ئاوایی
تاک و تووک دێی دوور، دووکەڵی چین چین
بەرز ئەکاتەوە بۆ ئاسمانی شین!
بووکی تانجەڕۆی ناو دۆشەکی سەوز
ئەترووکێ چاوی شینی بە وەنەوز
جۆگە وردەکان ئەکشێن سەرەوخوار،
ئەبریقێنەوە، وەک توولەی ڕەشمار!
وەرگەڕاینەوە بۆ دۆڵی ئەودیو،
شاخ بوو لەسەر شاخ، شیو بوو لەسەر شیو
تەپۆڵکەی، یاڵی، دۆڵی، نزاری:
گا شاش بوو، گا چڕ دەوەن و داری!
٩
لە دارمازەڵە بە پێ چووینە خوار،
کەوتینە سەر ڕێی ناو دەوەن و دار
ئەمجا تێخوڕە، بڕۆ خوار و ژوور،
لێو وشکی گەرما، ژاکاوی ڕێی دوور!
یەکەم دێی ڕێگات، کە «قارەمان»ە،
هەشت نۆ ماڵێکی ناو دارستانە
هەر دوانمان وەستاین لە بەر چەپەرێ،
پیاوێک دەرنەکەوت جڵەومان بگرێ،
یەک دوو بچکۆلە و دوو سێ پیرێژن،
بە کاسەدۆوە بەرەو پیر هاتن،
لە داپیرێکی سەرسپیی بێ دان
تێگەییشتین هۆی چۆڵیی قارەمان:
تمەز خەڵقی دێ لەسەر فرمانن،
خەریکی کێشە و شەن و خرمانن!
١٠
ماڵ ئاواییمان کرد لە پیرێژن،
ڕۆیشتین تا دێ لە چاومان بوو ون:
نەختێک بە بێ ڕێ نامان بۆ چەپ مل،
لامان دایە ژێر درەختێکی زل
بەردەممان چەم و تووتڕک و بی بوو،
دەورەمان وەرد و جاڕ و زەوی بوو
لێی ڕاکشابووین گشت لە بەر سێبەر،
چاو بەستراوێکی فەرەنجی لەبەر،
کوتەکوت دەرکەوت بە گۆچانەوە،
لای دایە لامان بۆ حەسانەوە
- عەلەیکەسسەلام! کاکەی کوت و کوێر،
بەم قرچە قرچە ئۆغرتان بە خێر!
بەری دەستی برد بۆ سەر ناوچاوان،
بە دەم ئێشەوە سەری ڕاوەشان،
وتی: دوو مانگە گل لە چاومایە
ڕێی دوور پێوانم بۆ نووشتەی بایە!
یا پیر، بە یەک گەز ڕیش کەی ڕەوایە:
بۆ چاو بێت، لە ڕێ کوێراییی دایە؟ !
١١
ئێستا بڕیاری کۆمەڵ وەهایە:
بچینە ولیان تا فێنک دایە.
سوار بووین، بڕیمان دۆڵاودۆڵی گەرم،
ڕەش داگیرسا ڕەنگ، کارژی دەردا چەرم!
توولەڕێ ئاڵا لە ڕیزە گردێ،
لە بەردەمیا بوو دارتووی زۆر و «دێ»!
ئیتر زەلام و سەگ بوو، ڕاکردن:
پەلاماردان و جڵەو لێ گرتن!
بردینیانە بن کۆمەڵێک دارتوو،
لێفە و بەڕەیان بۆ داخستین زوو!
وەک بەچکەی قولی گوێ ئاگری خۆش،
دەم کرا چوار پێنج مەسینەی حەوجۆش:
دوو سێ قۆریەی ڕەش پشتێن تەنەکە،
ئەکوڵا و هەڵئەچوو ئەتوت کەشکەکە
چای خەست تێک درا بە کەوچکی چێو،
دەرمان نۆش کرا پیاڵەی لێوان لێو!
ئەپاڕایتەوە: «مامە، توخوا بەس»!
نەرم نەئەبوو خانەخوێی ناکەس:
هەر تێی ئەکرد بۆت یەک لەسەر یەکتر،
بە پیاڵەی چڵکن چای خەستی وەک قوڕ!
١٢
کە کۆمەڵ ڕێکەوت بەرەو قەرەداخ،
سێبەر کشابوو بۆ پێدەشتی شاخ
ڕۆژی بەرەو کەل بە پرشنگی زەرد،
وارنیشی ئەدا لە بەر ڕۆژی هەرد
نەشئەی سێبەری لاپاڵی زۆر خۆش،
دەنگ خۆشەکانی هێناینە سەر جۆش!
سۆزی شەپۆلی «ڕۆ... ڕۆ»ی پڕ بەدەنگ،
ئەیلەرزان دۆڵی قووڵی سێبەر مەنگ!
بە بەستە و ئاهەنگ ڕێمان بردە سەر،
نۆرەمان زۆر کرد بە زەردە و سێبەر،
تا گەیشتینە بەر «باسکە درێژ»
کشایە «زەردی ئاوا» ڕێگای لێژ
سێ چوار گەڕەکی خانوو کەلاوە
شینایی و باغچە چواردەوری داوە
سەرای گەچ کاریی لە چاڵی وەستاو
وەک سەرپۆش بەسەر، جوان دێتە بەر چاو
١٣
چووینە بەر دەرگای مەکتەب دابەزیین،
ئەمجا «ئەفەندی»ی سەر کورسی و مێزین...
کۆڕی بەر باغچەی مەکتەب گەرم بوو،
بەخێرهاتن کەر ئەهات و ئەچوو...
دەستی سەر چاوان بۆ سەرسنگ بردن
«مۆرە» هەڵدان بوو «گێلە» هاوردن!
کۆڕی دانیشتن تا ئەهات ئەکشا،
کورسی جێی چوار بوو دەی تێ ئەترشا!
سەر بوو بناگوێ و دەنگوباس پرسین:
«کێ مرد لە بەرلین؟ کێ کوژرا لە چین؟»
سوێن ئەخۆین بە بار کە هیچ نازانین،
زیاتر سەر دێنێ بۆ زۆرتر پرسین!
ئیتر هەڵڕێژە درۆی ناچاری
تا وێران ئەبێ ماڵی لاساری!
١٤
شەو دانیشتبووین گشتمان لە سەربان،
پیاوێک پەیدا بوو خەڵقی دێی دووکان:
بۆ سەر زەماوەن خوڵقی ئەکردین،
کەوتینە ڕاوێژ: «بچین یا نەچین»
من لەبەرئەوەی بێ وڵاخ مابووم،
لەعاستی «بچین!» ترشم ئەکرد ڕووم!
پاش لێکدانەوەی زۆر و یەک و دوو
کە دیم وڵاخم بۆ جێبەجێ بوو،
ئەمجا دەستم کرد بە کۆمەڵ هاندان،
بۆ ڕۆییشتنی سەر شایی دووکان،
لەوێوە بووک تا «سەیوسێنان» بردن،
بینینی هەردوو پەردەی ژن بە ژن!
١٥
بەیانی سەعات دەوری هەشت، کۆمەڵ
ڕێ کەوت چەن سوارێک ئەهالیش لەگەڵ
هەموو جل گۆڕیو، سەر و ڕیش تاشیو،
لە ئەسپ درابوو ڕەخت و ڕەشوەی زیو
فەقیانەی سپی و شان و سەڵتەی شین،
خۆ لەخشاندنی ناو قەڵتاخی زین
ئێستا و تاوێ تر حیلەی ئەسپی شێ،
غار و ڕم بازیی تەختایی لاڕێ
وای خەریک کردم بە خەیاڵەوە
کاتێکم زانی بە قەدپاڵەوە
«دووکان» دیاریی دا لە بناری شاخ،
ژووری ئاش و بی، خواری شیو و باخ
لە خواری دێوە هەندێ کەپری شاش،
شایی و هەڵپەڕکێی تیا دەرئەکەوت باش!
کە لە ناو کەپران جڵەویان گرتین،
زەردەی لووتکەکان پاش و پێش ئەفڕین!
دوو تەختی گەورەی کۆنی دۆشەک پۆش
هەشت نۆ دەیەکی لێ گرتینە کۆش
لە بەردەممانا هاوڕێکانی تر،
بە چۆکا هاتن وەک یخی حوشتر!
١٦
لەبەر کەپرێکا ڕۆشناییی ئاگر،
دای بە تاریکیی شەوی ناودێ دڕ
شمشاڵ بە ناڵەی لەرە و لەرزەدار
دەماندی کوورەی دڵی هەرزەکار
لە دەوری ئاگر حەڵقەی چۆپیی کوڕ
ترپەی پێی ئەهات وەک لێزەمەی خوڕ!
سەرچۆپی کێشی قۆزی چۆپی زان،
پاش هەڵسانەوە و نووکی پێ بادان،
لە ژوور سەریەوە دەست و خەنجەری
چەشنی چەخماخەی ئاسمان ئەلەری
شمشاڵ ژەن ئەینا بۆ هەچ لایەک ڕوو
ئەولایە کەللەی زۆرتر گەرم ئەبوو
هەر چۆک دادان بوو، هەڵسانەوە و «هەی»
سۆزی هاواری ناکا «وەی، وەی، وەی!  »
مەستی بێ شەراب هەرزەکاران «عیو»!
خەفەت بابردوو دەردەداران «عیو»!
زاوای بەردەرگای ئاواتی دڵ «عیو»!
بووکی ڕازاوەی جوانتر لە گوڵ «عیو»!
حەڵقەی چۆپی «عیو»، شمشاڵ لێدەر «عیو»!
ئاسمان، ئەستێرە، دێ، دەشت و دەر «عیو»!
***
کوڕگەل! هەمیشە گیان و دڵ شاد بن،
دەست لە ملانی بووکی مراد بن:
نۆرەی خۆتان کرد، شیرین هەڵپەڕین،
ئاسمانتان لەرزان بە تەوژم و تین!
نۆرەی ئافرەتە ئەمجا هەڵپەڕێ،
سا هێز دەست بەردا، جوانی دەست بگرێ!
١٧
کە هەڵمان هێنا چاو لە خەوی خۆش،
گزنگی هەتاو دابووی لە «کۆڵۆش»
لەشکر ڕووی نابوو بۆ دەشتی لاڕێ،
هەر ڕێچکەی سوار بوو ئەم لا و ئەولای دێ
تا دەرچوو لە دێ تارای سووری بووک،
ڕم بازیی سارد بوو، تەقە: تاک و تووک!
بەڵام دیمانەی تارای باشەکێن،
بۆ کوورەی دەروون بوو بە باوەشێن
لەشکر ورووژا، سوار فڕێن فڕێن،
کەوتە شوێنی سوار: ئاوزەنگی تەقێن!
قرچەی دەستڕێژی دەمانچە و تفەنگ،
ئەشریخایەوە پڕ بە دۆڵی تەنگ!
لە ڕێ گوزەری بووکا بەرامبەر
دوو ڕیز: دوو دوو سوار لێی ئەهاتە دەر!
ڕەش سواری ئەبرد شێ سوار بە گاڵە
گا بە نەرمەغار، گا بە چوار ناڵە!
لێی ڕائەپەڕی لەوبەر کوتوپڕ،
ئەسپ سوارێکی کلک و مل جوان گر
شێ سوار! بۆی دەرچۆ سا چنگ لەسەر شان،
چیت کرد باڵدارت لە خۆت خرۆشان؟
١٨
نەختێک ڕۆییشتن نەما جێگای غار،
چەشنی مێروولە کشا ڕێچکەی سوار
شنەی بای ناودۆڵ فێنک و عاستەم،
ڕێ لاپاڵی شاخ، لای خواروومان چەم
سەرانسەری چەم داری ژاڵەیە،
ئەو داوێن سەوزی سەرلق ئاڵەیە!
ڕۆژ: ڕۆژی شایی، کات: بەیانییە،
تەبیعەت مەستی بزەی جوانییە!
بووکی ژێر تارای ڕەنگ ئەرخەوانی
شۆخ و شەنگە وەک گوڵی بەیانی!
ئێمەیش «لەشکرین» بۆ خوای دڵداری:
خاتوو زین بۆ مەم ئەبەین بە دیاری!
سا توخوا دەنگ خۆش دەی قەتارەکەت،
«کوڵەنجە ڕێ ڕێ» و «هەوری لار»ەکەت!
ئاخۆ (کیووبید) دیاریی جوانیی
بۆ ژیان ئەوێ، یان بۆ قوربانی؟
١٩
لە کلکەی «کۆڵۆش» لەوبەر «دێوانە»،
بە چەپڵەڕێزان، ئامان لەرزانە،
لەشکر و بووکی ئەولا پەیدا بوو،
دیسان دوو لەشکر پێکا هات و چوو
وەک دوو ئەستێرە دوو بووک لێکیان دا:
دەم نرایە دەم، دەست لە مل کرا!
ئیتر کۆمەڵ بوو بە دوو دەستە، گشت،
ئیمەو دوو بووک نا، وەرگەڕا بۆ پشت
ئێمە کەوتینە دەستەی «سەیوسێنان»،
تا گەییشتینە سەر ئاوێکی جوان،
لەوێ بەو گەرما و قرچەی نیوەڕۆ،
دانیشە: حەڵوا و پشیی بووک بخۆ!
ئەمجا سوار بووین و بۆ ڕاست وەرگەڕاین،
لە پێدەشتێکا دێ خۆی پێشان داین،
لەوبەر وشکەشیو گەڕەکی گەورە
مزگەوتێکە و ماڵ ڵیی داوە دەورە
لە دەشتی ئەمبەر گەڕەکی بچووک
تیایەتی ماڵی کوێخا و زاوا و بووک!
شاخی کۆڵۆشی پشتی «سەیوسێنان»
کەوتۆتە مەعبێن ئەم دێیە و دووکان
٢٠
خەوە؟ خەیاڵە؟ عەردە؟ بەهەشتە؟
هەڵپەڕکێی ژنە یا هی فریشتە؟
پەلکەڕەنگینەی ئێوارەی بەهار
لەعەزرەت تارای سوور کەوتۆتە خوار،
ئێستا سەرگەرمی ئیلتیفاتی بووک
جموجووڵیەتی و هەڵئەپەڕێ سووک!
«ئامان لەرزانە! هاڕەی لەرزانە!»
بەستەی هەڵپەڕکێی باڵابەرزانە
گۆرانیبێژ بێ و بچۆ و خۆت بادە
کێ ئەوندەی تۆ دەروونی شادە!
وەک هەنگ بگەڕێ و گۆرانی بڵێ،
لادە جارجارێ بۆ بەرپێی گوڵێ
گوڵ بە ئاهەنگی «ئامان لەرزۆکە»
پێیە دابنێ و پێیە بەرزۆ کە!
بە ناز لار بگرە سەری بێ پووشین،
با بریقەی بێ کلاوزەڕ چین چین!
پێچکەی پشتەسەر لەسەر زوڵفی ڕەش
با بجریوێنێ وەک ئەستێرەی گەش!
شانی بۆ شل کە و خۆت هەڵسێنەوە،
سوخمەی سەر مەمک بلەرێنەوە:
با پێچکەی نقێم گورج گورج بە تاسە
لێو بنێتە سەر کوڵمی هەیاسە!
***
ئەی گوڵ وا هەڵسا گۆرانیبێژت،
هەڵبڕە چاوی شەرمی کل ڕێژت!
چاوەڕێم چەرخەی نیگای تیژتێپەڕ
لە چاوما بکات هەستی ئەشکی تەڕ!
بەشکوو لە عاستم زەبری دڵ نەرمی
ئیتر نەبڕێ لێت سەرنج بە گەرمی
منیش بەردەرگای حەڵقەی هەڵپەڕکێ
بگرم بگەڕێم: بەرامبەر بە کێ؟
بەرامبەر بە تۆ و دوو چاوی ڕەش ڕەش
کە ناز ئەفرۆشن بە کەچ نیگای گەش!
٢١
ڕێبواری مانووی چۆپی و ڕم بازیی
تا کەی ئاهەنگ و گۆرانی بازیی؟
جوانی دێ نووستن، زاوا و بووک نووستن،
خەو لۆکەی خستە ناو گوێچکەی بیستن
دەشت و دەر بێدەنگ، ناودێ بێدەنگە،
بێدار هەر دوانی وەک تۆی دڵتەنگە
لێو لێک نێ ئیتر شایی تەواو بوو،
هاوڕێت سەفەرین لەگەڵ شەبەق زوو!
ڕێی گەڕانەوەی شارت لەبەرە،
چ وادەی جۆشی کەڵکەڵەی سەرە؟
سبەینێ کە ڕۆژ هەڵهات لە ئاسۆ؛
ئەدا لە پرچی «خاوەن چاو» بێ تۆ؛
ئیتر تا ماوی ڕابوورد «سەیوسێنان»
پێشانی تۆ بات هەڵپەڕکێی چاوجوان!
هاوینەگەشت

پەراوێز edit