ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
گۆران فرمێسک و هونەر
١٢. جیلوەی شانۆ
لە جەرگی پەردەوە تک تک دڵۆپی عوود ئەڕژا،
بە نووکی تەئسیری
تەرەب ئەهاتە خرۆش، تالعی سروور ئەپژا!
بە ئاهی دڵگیری:
کەمان - شەهیق و زەفیری فریشتەیی ئەلحان -
ئەکەوتە ناو دڵی مردوویش هەناسەیی هەیەجان!
نەوایی مۆسیقی،
کە مەخرەجی سیحری
تەلێکە پێئەکەنێ یا کونێکە حوزن ئەگری،
بە سۆزی تەشویقی،
مەتاعیبی گوزەران،
هێواش هێواش ئەتکێتە دەروونی نیسیانێک
کە ڕەمزی لەززەتە، میفتاحە بۆ تەلیسمی ژیان،
ژیانی ئینسانێک!
***
لە پڕ کە باڵی ڕەشی هەڵبڕی قەلی پەردە:
پەریی جوانی، فریشتەی سەمایی نادیدە،
لە عەرشی شانۆدا
بە عیشوە پەیدا بوو:
نیگاهی مەست وەکوو شوعلەیی هیدایەتی سەودا
تەبەسسومی موتەوالی شیفای هیوای مردوو
ئیشارەتی هەموو نوتقی فەسیح و ئەلحانی
وەکوو کیتابی موقەددەس بڵند و ڕۆحانی!
بە سنعەتێک ئەلەقێ پووزی وەک ستوونی سپی،
وە پێی بچووکی مەهارەت لە ئەردی زەربە ئەدا،
بە دڵ بوایە زەعیف بوو مەتانەتی دنیا
لە ژێریا ئەتەپی!
چ جوان دوو باڵی بلوورین وەکوو لقی مەڕمەڕ
نەرم نەرم ئەلەری،
شەپۆلی لێ ئەوەری
شەپۆلی سنعەت و ئیلهام، شەپۆلی جیلوە و فەڕ!
کە چاوی ئاسمانی
لە بەحری بێ بن و دوڕڕی خەیاڵی بەرز ئەبڕی،
ئەکەوتە لەرزی لەتافەت لەرانەوەی جوانی:
لەشی لە کوڵمەوە تا سنگی نەرم و مەمکی خڕی،
کوڵم کە میوەیەکە ئاڵ و مزری سەرلقی لەش
وە نەرمی سینە کە لانەی خەوێکە یەزدانی
- خەوی عیشق، گڕی عیشقی هەمیشە گرپە و گەش! -
وە گۆی مەمک کە تەماس و گوشینی وەک دوگمەی
ئەلەکتریک، ئانی
ئەخاتە سەر ڕەگی لەش کارەبایەکی ئۆخەی!
دەمێک ئەبوو بە شنەی با، بە ڕەوتی نەرم و نیان،
دەمێک ئەبوو بە پەڕێکی خەفیفی ئاوریشمین:
بە گەردەلوولێ حەزین
ئەکەوتە بەر جەرەیان بێ قەرار و سەرگەردان!
سەما، سەمای سنعەت:
حەیاتی جوانی، جەمالی بزووتن و گیانی
وجوودی عیشوە و ناز،
لە خواوە بەهرەیەکە پڕ بە پێستە بۆ ئافرەت؛
ئەویش بە سەد ئیعجاز
زیای سروور ئەڕژێنێتە ژینی ئینسانی!
***
فیدات ئەبم ژنی جوان، ئەی جەمالی سنعەت کار،
بەڵێ! دەلیلی سەعادەت ئەخەیتە پێش ئەنزار،
بەڵام هەموو تاوێ
دەوام ئەکا... لە پڕێکا وەکوو مەلی ئاوات
کە تۆ فڕییت هەیهات!
ئەویش لە پەردە ئەپێچرێ، نیشانەیەک، ناوێ
لە تۆ بمێنێ: پەنایە بە خاترەی مەئیووس،
وەلێ لە ئەو، لە سەعادەت: سفر... سفر... ئەفسووس!
بۆ پەریی سەما

پەراوێز edit