ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
گۆران فرمێسک و هونەر
١٤. گەشت لە هەورامان
دیمەنی ڕێگا و بان
کۆمەڵە شاخێک سەخت و گەردن کەش
ئاسمانی شینی گرتۆتە باوەش؛
سەرپۆشی لووتکەی بەفری زۆر سپی
بە دارستان ڕەش ناودۆڵی کپی
جۆگەی ئاوەکان تیایا قەتیس ماو:
هەر ئەڕۆن ناکەن پێچی شاخ تەواو
هاوار و هاژەی کەف چەڕێنی چەم
بۆ تەنیایی شەو لایەلایەی خەم!
توولەڕێی باریک، تووناوتوون پشکن
ڕێبوار ئەخاتە ئەندێشەی بێ بن
ناو ڕێگا تەق تەق، لاڕێ بەردی زل
کە هێشتا گەردوون پێی نەداوە تل!
گا سەرەوژوورە، گا سەرەوخوارە
تاڵی و شیرینیی دنیای ڕێبوارە!
ڕێگای ناوباخ
پێش ئەوەی بگەی بە ئاواتی دێ
ئەکشێتە ناو باخ توولەماری ڕێ
شنەی سێبەری داری گوێز و توو
ئەسڕێ ئارەقی ڕێبواری مانوو
تەسکینیی ڕێگای باخەوباخی وێڵ
«مانوو نەبی»یە: لەم کێڵ، بۆ ئەو کێڵ!
سەلامون عەلەیک، مامەی بن دارگوێز،
سەلامی مانوو لە پیری بێ هێز!
مەرحەبا سەرچاو، بەچکەی کاکۆڵ قیت
سمۆرەی سەر دار، ڕۆڵەی زرنگ و زیت!
ئەڕۆی، هەر ئەڕۆی... تەڵانە و تەڵان،
ئەمجا ئەگەیتە پێچی بەرماڵان
دێ
کام بەربەڕۆچکەی زۆر باسەفایە
چەشنی دڵی شاد دێیە، ئاوایە!
خانووی بەگزادە لە سای دەرختا
ئارامیی بووکە لە کۆشی بەختا
خانووی ئەهالیش زۆریان دوونهۆم:
هەندێ قنج و قیت، هەندێ لار و کۆم
یەک لە سەر یەکتر، بەرەو لووتکەی کێو
بۆ ئاسمان ئەچن وەک پێپیلکەی دێو!
لە دێدا کام جێت گەورە بەرچاو کەوت:
ماڵی ئاغایە و خانەقا و مزگەوت!
ژینی دیوەخان
کە گەیشتیتە بەر دەرگای گەورە
هەر خزمەتکارە و لێت ئەدا دەورە،
ڕێت پێشان ئەدەن تاکوو دیوەخان،
ئیتر دیوانە و مەرحەبای میوان
دەستەی خزمەتکار: فیشەکدان لە مل،
بە چەفتە و مشکی سەر و تەپلە زل
دەست لەسەر خەنجەر چاوەڕێی فەرمان:
چ بۆ سەربرین، چ بۆ سەردانان!
هەچ کەسێک تازە بێتە دیوەخان،
کڕنووشێ ئەکا بە سەردانەوان،
گەرمە دیوانی شەوی بەگزادە،
تێکەڵ و پێکەڵ بابەت و مادە!
مەلای دیوەخان
لە ژێر مێزەرا مەلای نووشتاوە،
ڕیشی بۆ سەر سنگ پرش و بڵاوە،
قیافەت پەڕپووت وەک کتێبی کۆن،
زمانی شیرین، سیمای نەختێ مۆن،
بازی ڕۆحی چەش بە شیعر و ئەدەب،
بەڵام شێوەی زووی عەجەم و عەرەب
بۆ میوان ببێ مایەی تەسەلا
لە کۆڕی شەوا: مەلایە و مەلا!
تۆ و مەلا و شیعر و فەلسەفەی ئیسلام
گوێڕاگرتنی تاوتاوی عەوام،
بە بێ زیاد و کەم دێنێتە پێش چاو:
سەرنجی کوێران لە نامەی نووسراو!
کە دیوان چۆڵ بوو، چوویتە ناو جێگا،
دەست ئەکەیتە مل خەوی پاش ڕێگا!
بەیان
«ئەڵڵاهو ئەکبەر!» مەلابانگانە،
تاریک و لێڵی بەری بەیانە
مانگی بەجێ ماو لە سەفەری شەو
زەردە لە ترسی قاسپەقاسپی کەو!
ئەستێرەی مەغریب وەک قەترەی ئەمەل
کز کز ئەتکێتە ناو بەفری سەرکەل!
لەرێی ئەوبەری شاخ دەنگی زەنگ دێ،
لە سوێنی ڕاوکەر تەقەی تفەنگ دێ!
وا بە تەواوی دنیا ڕووناکە،
هەر سیحری ڕووتە سروشت ئێستاکە!
لە درەخت ئەدا شنەی بای سەحەر:
جموجووڵیەتی چەشنی سەودای سەر!
لەسەر جۆگەی ئاش قاز و مراوی
چاوەڕێی ڕۆژن هەڵبێنێ چاوی،
بەڵام تا خوڵقی نەکا چێشتەنگاو
نایەتە ناو دێ پرشنگی هەتاو!
مزگەوت
بنچینەی مزگەوت نیشتۆتە ناو چەم،
ڕوو بەرەو قیبلە، پشت لە جەهەنەم!
مزگەوتی کاتی چێشتەنگاوی چۆڵ:
وەک مردوو کفنی بێدەنگی بە کۆڵ!
سوورەچناری لق و پۆپ درێژ
سێبەر ئەکا بۆ خەوی بەردەنوێژ!
جارجار ئیمامی تەنیای گۆشەی حەوز:
سەرسنگ ماچ ئەکا ڕیشی بە وەنەوز!
کەسێک بانگ ئەدا، ئەشڵەقێنێ گۆم،
ئیمام هەڵدەستێ: دار بە دەست، پشت کۆم!
تا تەواو ئەبێ «ئەڵڵاهو ئەکبەر»
پەنگ ئەخواتەوە لافاوی نوێژکەر
نوێژ بەتاڵ ئەبێ، جەماعەت بڵاو،
چەن پیرێک ئەبن بە خڵتەی لافاو:
سووچێک گەرم ئەکەن بە ڕازی جوانی،
ئاخ بە با ئەدەن بۆ دنیای فانی!
کانیی ژنان
سەرچاوەی ئاوێک: کەڵەکێک لە سەر:
ژنێک تێی ئەچێ، ژنێک دێتەدەر
ئەمەش لە دێدا کانیی ژنانە،
قیبلەی دڵداریی هەرزەکارانە!
ئێواران پۆل پۆل لاوی کاکۆڵ لوول،
سەرەڕێ ئەگرن، سەرگەرم و عەجوول،
هەرچەن هاڕەی دێ هەیاسەی جوانێک،
لە هێلانەی دەم ئەفڕی: ئامانێک!
ژن
ژنی هەورامان: سەرتاپای خشڵ،
سەرچاوەی بۆنی مێخەک و سمڵ،
تا بڵێی تەڕپۆش، ئاڵ و واڵا جل،
بەژن و باڵا جوان، بەدەن نەرم و شل!
نیونیگای: خەندەی ئەستێرەی ئەمەل،
نەغمەی گفتوگۆی وەک جریوەی مەل!
ژینی: بەهاری عەشق و جوانی!
جیلوەگای حوسنی: ڕێی باخ و کانی!
گۆرانی
عەشقی ئێوارەی سەرەڕێی کانی،
بەر ئەداتە چەم کڵپەی گۆرانی!
ڕۆژ ئاوا ئەبێ، چەم تاریک دایە،
دەنگی «کنا لەیل» هەر دوایی نایە
مانگ بە تریفەی ناودێ ئەکا کەیل،
هێشتا هەر گەرمە ناڵەی «کنا لەیل... !»
«سیاچەمانە... سیاچەمانە...»
بەهەشتی عەشقە ئەم هەورامانە!
ئەوەندەی دار و بەردی هەورامان،
ڕەحمەت لە ژنی بەژن و باڵا جوان!
«سیاچەمانە... سیاچەمانە...»
هەورامان جێگای سیاچەمانە!
هاوینەگەشت

پەراوێز edit