ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
کە شەو هات و پەردەی ڕەشی کەوتە سەر
جوانیی تەبیعەت، کەژو دەشت و دەر
هەموو نووست، هەموو مرد، کش و بێ ئەسەر:
سەما، تازە جیلوەی ستارەی نەزەر؟
کە گوڵباخ، نێرگس، زەمەق، یاسەمەن
هەموو نوقمی بەحری تەمی ئەم شەوەن؟
هیلاکی گروشمەن، وەنەوزێک ئەدەن:
سەما، تازە جیلوەی ستارەی نەزەر؟
کە کپ بوو قەراغی چەمی پڕ لە قاز،
لەسەر ڕووی نەما زینەتی ئیهتیزاز؛
لەسەر لێوی لاچوو بزەی نووری ناز:
سەما، تازە جیلوەی ستارەی نەزەر؟
کە دڵ کەوتە ناو دۆزەخی دەردەوە،
کە عیشق و شەبابی، خوا بردەوە،
گڕی شاعیرییەت کە دامردەوە:
سەما، تازە جیلوەی ستارەی نەزەر؟

پەراوێز edit