ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
گۆران سروشت و دەروون / سروشتی جوان
٧. دارچوالەی پشکووتوو
لە پاش بڕینی ماوەیەکی دوور،
گیانی وەڕسی ڕێگای سەرەوژوور
دی: «پاس» کشایە ناو پێچێکی لێژ؛
لای چەپ: چناری باریک و درێژ
ڕەپ ڕاوەستابوون لە کەناری ڕێ،
سەربازی پاس بوون بۆ پشت سەری کێ؟
ڕیزێک نەمامی دارچوالەی نازدار
کە ڕێک وەستابوون لەسەر گیای بەهار
وەک بووک ئەندامیان لە سووراو نابوو،
لەنجەی تاوتاویان بۆ چپەی با بوو
پەڕەی هەڵاڵەی چوالەی سووراوڕەنگ
جارجار ئەوەری بە خشەی پێی هەنگ،
هەروەک پەپوولەی باڵ فڕەفڕکەر
ئەنیشتە سەر یەک لەسەر گیای سێبەر!
لەگەڵ لێشاوی پەڕەی گوڵ بارین:
با بوو شەپۆلی «بۆنخۆشی»ی چین چین
***
چەمی تانجەڕۆی سەردەمی نیسان
پڕە لە وێنەی سروشتیی جوان جوان؛
بەڵام من چاوم گێڕا خوار و ژوور،
لە ڕیزەداری چوالەی تارا سوور
جوانترم نەدی وەک بووک وەستابێ،
سەیرانگای چەمی وا پێ ئاوا بێ!
لە گەڕانەوەدا بە چەمی قلیاسانا

پەراوێز edit