ئاڵەکۆک

بابە add_a_photo
بابە دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
٧. ئەی باد ئەی نەسیمی سەحەرخێزی دڵنەواز
ئەی باد! ئەی نەسیمی سەحەرخێزی دڵنەواز!
وەی تورفەیێکی قەلبی ئەلەم ساز و پڕ نیاز!
ھەڵسە بچۆرە گوڵشن و گوڵزار و ناو چەمن
بگرە گوڵاوی نەرگس و ڕەیحان و یاسەمەن
موشکین نەفەس بە ھەدیەی عەتر و عەبیرەوە
ڕاکە بە گورجی خۆت بخەرە دەرکی پیرەوە
بۆ بارەگاھی ڕەھبەری دارالعُلومی دین
علامەیێکی شەرقی لەوێدا سەدر نشین
دەرگاھی ئاو ڕژێن کە بە عەتر و عەبیرەکەت
مل کەچ بوێستە عەرزی کە ما في الضميرەکەت
ئەو بەندەیە کە عاشق و مەفتوونی ئێوەیە
پیرە بەڵام حەماسەتی جوانێکی پێوەیە
عەرزت ئەکا کە خوێندمەوە تاریخە بەرزەکەت
شایانی فەخرە لەھجەی نووسین و تەرزەکەت
جێی فەخر و فیز و نازشە بۆ قەومی کورد زمان
داوای دەوامی عومرت ئەکەن ئەھلی نیشتمان
زۆر نادرە بە مەئخەزە، جڵدەکەی یەکی
ڕووناکترە لە مێژووی بەرزی ئەمین زەکی
ھەر چەندە باشە، باسی کەیی و مادی زۆر کەمە
تەفسیری پێ ئەوێ لە تەواریخ و تەرجەمە
شاھانی کەی بە مێژووی ئەدواری مادەوە
وەک جەوھەرێکە لازمە بخرێتەوە ماددەوە
یەعنی لە چاڵ و قووڵی تاریخە کۆنەکان
ھەر چی کە دەس کەوێ لە زمانی کەیانییان
بکرێ بە مێژویێکی جیاواز و سەربەخۆ
ھەر چی بوو لە جەنگ و لە سوڵح و لە ھاتوچۆ
دەس پێ بکا لە ئەووەڵەوە دەوری کەیقوباد
تا دێتە ئینقراز و سقووتی شاھانی ماد
ناو بنرێ ئەو کتێبە بە مێژووی کەیان و ماد
تا قەومی کورد بە مێژووی باپیری بێتە شاد
مێژووی یۆنان و تاریخی ئێرانی باستان
یەک ناگرن لە ناوی شەھانیی و کەیانیان
ئیحیای مادی گەورە مەنووتە بە دەستی تۆ
موعجیز فشانە خامە و فکری دروستی تۆ
تاکوو لە دەوری ڕۆژ ئەگەڕێ کوورەی زەمین
تاکوو بەشەر لە ھاتن و چوونایە چین بە چین
دائیم بژیت بە سیححەتەوە، نادیرەی زەمان!
کوردانی لاڵ بە مێژووی خۆی بێنەرە زمان
بابە ھەمیشە ئەدعییەی ژینی تۆ ئەکات
زۆر مەیلی خاک بۆسی و بینینی تۆ ئەکات
لە مانگی نیسانی ١٩٥٠دا ئەم ھۆنراوەیە بۆ جەنابی زانیاری بەناوبانگ، میرزا آیةالله کوردستانی، مەشھوور بە شێخ موحەممەدی مەردۆخ نووسراوە.

پەراوێز edit