ئاڵەکۆک

بابە add_a_photo
بابە دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
٦. ئەوە لاشەیە ئەگەوزێ بە خوێن بە کێمەوە
ئەو لاشەیە ئەگەوزێ بە خوێن و بە کێمەوە
ھاوار ئەکا، کە جەردە و دز ھاتە ڕێمەوە
زنجیر و تەوقی خستە مل و دەست و پێمەوە
ڕاماڵی کردە ناو جگەری شار و دێمەوە
وێنەی برووسکە کون لە دڵی بەردی ڕەق ئەکەن
یا نەم بە زۆری بومبە لە گەشت لاوە شەق ئەکەن
بۆ نیشتمان و شاخ و گیام لاڵ و پاڵ ئەخەن
ڕۆڵەی گەڕۆکی ھەرد و شاخم لە پاڵ ئەخەن
کۆچیان ئەکەن غریوە بە ماڵ و مناڵ ئەخەن
خۆیان لە جێ ھەوارەکەیان کۆچ و ماڵ ئەخەن
بۆ چ ئەندەروونی شاخ و چیام پڕ شەرەر ئەکەن
ڕۆڵەم بە زۆر لە یانەی میراتی دەر ئەکەن
سیروان و زێی ئەڕێژنە قەبرسان و جێمەوە
بستێ زەوی نەماوە سەری لێ بنێمەوە
ئاھم گەیشتە عەرش، کەسێ نایە پێمەوە
ئەم فێڵە بۆ منە کە بڕۆم نەێبمەوە
دووکان و خان بۆ ڕیشە دەرێنانی ڕۆڵەمە
بۆ ھەڵوەشاندنی ڕەگ و ڕۆشتەی کڵوڵەمە
ڕۆڵەم بە سەد ھەزار لە وەتەن دەربەدەر ئەکەن
وەک نیشتمانەکەی جگەریپڕشەرەر ئەکەن
ئەم خاکە پڕ لە سیم و زەڕڕە، بێ سەمەر ئەکەن
دارایی کەشت و کاڵ، بە گەدای کۆچەر گەڕ ئەکەن
جێیان ئەکەن بە گۆل و بە ئێسگەی فڕۆکەوان
ڕۆژێ ئەبێ کە بۆمبا ببارێ لە نیشتمان
زانا و لاوی کورد! ھەموو گوێتان لە دایە بوو
پێوەند بە پێوە شیوەنی بۆ ئەم بەڵایە بوو
ئەم دایکەمان کە عومرێکی چل عەسری مایە بوو
ئاخر ھەناسەیەتی ئەوا مرد و زایە بوو
خوێناوی جەرگی دوژمنە ئاوی ژیانەوەی
مەغزی سەری عەدوویەتی دەرمانی مانەوەی
زانا بە دایکی وت قەڵەم ئەگرم بە دەستەوە
ھاواری عەدل ئەکەم بە خەریتەی دروستەوە
شوورا لە مەجلیسی ئومەما دێنمە ھەستەوە
ئازادی وڵات و گەلم گەر نییە بە دەستەوە
ساڕوخ و ھیدرۆجێ لە لاوان دروست ئەکەم
یانەی عەدوو بە ھەڵمەتی شێرانە پەست ئەکەم
لاو ھاتە جۆش بە واتەی زانایی بەرزەوە
فەرمووی ببارێ گوللە و بۆمبا بە تەرزەوە
یاخۆ فەلەک بە جارێ بڕوخێتەوە ئەرزەوە
ئەم نیشتمانە میحوەرە نایێتە لەرزەوە
بێشەی پڵنگە بابە چیاکانی زاگرۆس
تۆ بانگی سەربەخۆییی گەل دە بە تەپڵ و کووس
بە ھۆی دروستکردنی پێشبەستی دووکان و دەربەندیخان ئەم ھۆنراوەی دەستەبەستەیە بێژراوە.

پەراوێز edit