شاعیر: بابە کتێب: دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان سەرناو: ئەی باد ئەی نەسیمی سەحەرخێزی دڵنەواز سەبارەت: لە مانگی نیسانی ١٩٥٠دا ئەم ھۆنراوەیە بۆ جەنابی زانیاری بەناوبانگ، میرزا آیةالله کوردستانی، مەشھوور بە شێخ موحەممەدی مەردۆخ نووسراوە. ئەی باد! ئەی نەسیمی سەحەرخێزی دڵنەواز! وەی تورفەیێکی قەلبی ئەلەم ساز و پڕ نیاز! ھەڵسە بچۆرە گوڵشن و گوڵزار و ناو چەمن بگرە گوڵاوی نەرگس و ڕەیحان و یاسەمەن موشکین نەفەس بە ھەدیەی عەتر و عەبیرەوە ڕاکە بە گورجی خۆت بخەرە دەرکی پیرەوە بۆ بارەگاھی ڕەھبەری دارالعُلومی دین علامەیێکی شەرقی لەوێدا سەدر نشین دەرگاھی ئاو ڕژێن کە بە عەتر و عەبیرەکەت مل کەچ بوێستە عەرزی کە ما في الضميرەکەت ئەو بەندەیە کە عاشق و مەفتوونی ئێوەیە پیرە بەڵام حەماسەتی جوانێکی پێوەیە عەرزت ئەکا کە خوێندمەوە تاریخە بەرزەکەت شایانی فەخرە لەھجەی نووسین و تەرزەکەت جێی فەخر و فیز و نازشە بۆ قەومی کورد زمان داوای دەوامی عومرت ئەکەن ئەھلی نیشتمان زۆر نادرە بە مەئخەزە، جڵدەکەی یەکی ڕووناکترە لە مێژووی بەرزی ئەمین زەکی ھەر چەندە باشە، باسی کەیی و مادی زۆر کەمە تەفسیری پێ ئەوێ لە تەواریخ و تەرجەمە شاھانی کەی بە مێژووی ئەدواری مادەوە وەک جەوھەرێکە لازمە بخرێتەوە ماددەوە یەعنی لە چاڵ و قووڵی تاریخە کۆنەکان ھەر چی کە دەس کەوێ لە زمانی کەیانییان بکرێ بە مێژویێکی جیاواز و سەربەخۆ ھەر چی بوو لە جەنگ و لە سوڵح و لە ھاتوچۆ دەس پێ بکا لە ئەووەڵەوە دەوری کەیقوباد تا دێتە ئینقراز و سقووتی شاھانی ماد ناو بنرێ ئەو کتێبە بە مێژووی کەیان و ماد تا قەومی کورد بە مێژووی باپیری بێتە شاد مێژووی یۆنان و تاریخی ئێرانی باستان یەک ناگرن لە ناوی شەھانیی و کەیانیان ئیحیای مادی گەورە مەنووتە بە دەستی تۆ موعجیز فشانە خامە و فکری دروستی تۆ تاکوو لە دەوری ڕۆژ ئەگەڕێ کوورەی زەمین تاکوو بەشەر لە ھاتن و چوونایە چین بە چین دائیم بژیت بە سیححەتەوە، نادیرەی زەمان! کوردانی لاڵ بە مێژووی خۆی بێنەرە زمان بابە ھەمیشە ئەدعییەی ژینی تۆ ئەکات زۆر مەیلی خاک بۆسی و بینینی تۆ ئەکات ++++++++++++++++++++++