ئاڵەکۆک

بابە add_a_photo
بابە دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
٦٣. ھەر لە خەلیجی فورسەوە تاکوو ئارارات
ھەر لە خەلیجی فورسەوە تاکوو ئارارات
جێگە پڵنگە، بیشەی شێرە، ھەموو وڵات
لادە بۆ ڕێزە شاخی تۆڕۆس تا سکەندەرۆن
دێھات و شاری دەوروبەری گشت لە جنسی تۆن
بەینی فوڕات و دیجلە کە ناوی جزیرەیە
ئاوی ڕەوانی سیم و زەڕڕە خاکی لیرەیە
جێگە و ھەواری تۆیە لە ئەعساری بەردەوە
دوژمن کە چاوی لێ بووە مردوون بە دەردەوە
جێی شێری شێر کرۆژە، ھەموو کوردەوارییە
کرمانج و کورد و لوڕ ھەموو جنسێکە، ئارییە
ئەم نیشتمانە گشتی بە دەشت و چیایەوە
میراتی قەومی کوردە لە باوک برایەوە
زانیار بە عیلمی شۆین و ئەسەر کەشفی کردووە
دانیشتوانی ئەم وەتەنە قەومی کورد بووە
گاھی بە ناوی لۆلۆی بەرزی دلێرەوە
گاھی بە ناوی گۆتی و کاردۆخی شێرەوە
گاھی بە ناوی میللەتی ناوداری مادەوە
شاھی کەیانیان لە نەوەی کەیقوبادەوە
ئاخر قەڕاڵی حوکمەتی ئاشووری پڕ لە زۆر
شاھێکی ماد، حوکمەتەوە کوشتی و نایە گۆڕ
خاکی وەڵاتی ئێمەیە بێشکەی ھەموو بەشەر
جێیە نەبوو کە کەشتی نووحی بچێتە سەر
کاتێ کە نووح کەشتییەکەی کەوتە بەر شەپۆل
شاخێکی کوردی «گۆتی»، بە مەردانە گرتیە کۆڵ
گەر جێی نەدایە جوودی بە ئەم کۆنە کەشتییە
ئێستاکە کەس نەبوو بزانێ بەشەر چییە
ھەشتا کەسی تیا بوو لەوێ ئاشیانی کرد
جێگەی مرۆڤی عالەمی نیشتمانی کورد
چل عەسرە کورد ژیاوە لە شاخانی زاگرۆس
سەربەست و حوڕ، خاوەنی بەیداخ و تەپڵ و کۆس
مەوجوودی ڕاستی، گەرچی نەھاتۆتە ژێر حیساب
ملیۆن، لە دوانزەدایە، بە تەخمین و ئیحتیساب
مەردیی سروشت و خیلقەتی ئەم قەومە نێرەیە
مەیدانی جەنگی، لا وەکوو خەرمان و گێرەیە
شەرح و بەیانی میللەتی کورد لێرە نادرێ
زانایی مێژووناسە کە ئەم ئیشە دەربەرێ
نمێ لە دەریایەکی قارەمانی کورد

پەراوێز edit