ھەر لە بەحری فورسەوە خاکی ھەتا بەحری ڕەشە
نیشتمانی میللەتی کوردە، لە دونیا ئەم بەشە
ڕەوزەیێکی جەننەتە لالە و گوڵی دایم گەشە
پڕ لە ئاڵتونی سیاھ و زیوی ساف و بێ غەشە
نیعمەت و خێری بە تاڵان وا بە دەست ئەغیارەوە
من بە دڵ ھاوار ئەکەم، کەس نایە بەم ھاوارەوە
شاخی کوردستان ھەموو ئێسقانی ئەجدادی منە
خاک و خۆڵی، گۆشت و لاشەی قەومی ئازادی منە
***
لاوی کورد! بۆ دایکی گەورەت شیوەن و ڕۆڕۆ مەکە
بۆ خۆراوا و خۆرھەڵات قەت مەیلی ھاتوچۆ مەکە
ئیعتمادت ھەر بە خۆت بێ قەت لە دوژمن کۆ مەکە
فەرقی خەسمی خارجی، یا خائینی ناوخۆ مەکە
ھەڵمەتێکی وا بەرە، ناو جەرگی دوژمن کون بکا
شۆڕشێ پەیدا بکە، ناوی قیامەت ون بکا
من کە حەقبێژی نەکا، خامەی خەمۆشم بۆ چییە؟
فیکری ئازادی نەڕێژی، مێشکی بۆشم بۆ چییە؟
ھەوڵی سەربەستی نەدا، من فام و ھۆشم بۆ چییە؟
بۆ فیدای کۆمەڵ نەبێ، کەللەی بەجۆشم بۆ چییە؟
بابە عاجز بووم لە دیلی پاڵەھەنگم لەت ئەکەم
ئەیخەمە ئەستۆ و ملی دوژمن وەکوو سەگ پەت ئەکەم