پایانی نیوەی ئەووەڵی بوو، عەسری حەوتەمین
ئەهریمینێ بە شۆڕش و شەڕ هاتە سەر زەمین
ڕووی کردە ڕۆژهەڵاتی نزیک، هەر لە شەڕقەوە
وەک هەوری ڕەش بە گرمە و ناڵە و بە بەڕقەوە
ئەهریمەنی بەشەر بوو، هۆلاکۆی خوێن ڕژێن
خاکی ڕەوی و ئێرانی هەموو کرد بە بەحری خوێن
کەوتە خەیاڵ و فیکرەوە، بۆ ئیستلای عیراق
جووڵایەوە بە خۆی و سوپاوە، بە ئیشتیاق
جێی تەخت و تاجی شاهی کەیان و شاری هامەدان
زی ڕووحی دەرنەچوو بە گورێز و بە ئەلئەمان
کرمانشا کە یانەی مەشهوورە کوردنشین
سوور هەڵگڕا بە خوێنی بەشەر، ئەهلی کەوتە شین
هەرچەند کورد بە هەڵمەتی ڕۆژ و شەو، لە ناو
لەم لەشکری مەغۆلە هەزارانی خستە داو
ئەم دەستوبردی کوردە، لە ناکاو و کەم کەمە
قۆرتی نەدا لە ڕێگەی ئەم ئوردوی عەرەمرەمە
ئەم لەشکری مەغۆلە بە قەهر و بە سامەوە
ڕۆیی بە گورجی تا چووە دارالسَلامەوە
بەغدای نەهێشت بە میر و وەزیر و خەلیفەوە
ڕزگار نەبوو یەکی بە وەزیع و شەریفەوە
لافاوی خوێن، لە دیجلەوە گەییە خەلیجی فورس
میسر و حیجاز و مەسقەت و عوسمانی خستە ترس
ئەمجاکوو لەشکرێکی دروست کرد لە چل هەزار
ناردی بۆ کوردەواری کە بیخاتە ژێری بار
ئەم میللەتە شەڕانی، لەگەڵ یەکتری دوهۆن
کوشتاری سەهلە لیدەن و پاکۆکەن و بڕۆن
ئەم جەیشە پڕ سیلاح و چەکە هاتە نیشتمان
چرکە و سەدای نێزە و ڕم، گەییە ئاسمان
کاتێ گەییشتە بەردەمی هەولێر، سوپای مەغوول
دەوری حەساری دایەوە وەک گێژی گەردەلوول
حاکم سەلابە گەردنی تەسلیمی دانەوان
سەرلەشکری قەڵا وتی: نەنگە ئەلئەمان
من کوردم و لە میللەتی ناودار و بەرزی ماد
ئەم لەشکری مەغۆلە بە جارێ ئەدەم بە باد
فەرمانی دا بە لەشکریان ڕۆژی غیرەتە
بۆ قەومی کورد ژیانی ئەسارەت فەلاکەتە
لاوان لە قەڵعە هاتنە دەرێ دەس بە شیرەوە
وەک ڕەزمی ڕۆستەمی، بە کەوان و بە تیرەوە
کوژرا بە شیر و نیزەی کورد لەشکری تەتار
لەم جەیشە چل هەزارە یەکێکی نەهاتە کار
کاتێ کە بیستی هیچی نەما جەیشی سەر چڵی
ئەم دەنگە وەک برووسکەی شەڕ دای لە سەر دڵی
خۆی و سوپای مەغۆل و تەتاری و بە گوردەوە
ڕووی کردە نیشتمان و چیاکانی کوردەوە
هەرچەند هۆلاکۆ تۆڵەیەکی سەند بە هێزی زۆر
داخ و درێغی لەشکری کوژراوی بردە گۆڕ
ئەمجا هجوومی کردە حەکاری بە قینەقە
ناوچەی شیمالی کوردی هەموو خستە شینەوە
کوردانی دەوری موسڵ و دیاربەکر و ماردین
بۆ تۆڵە گشت لە قوڕگی چیا چوونە ناو کەمین
لێیان ئەدا لە جەیشی مەغۆلی لە پاش و پێش
ئەم لەشکری مەغۆلە لە زۆر لاوە کەوتە ئێش
تەفسیلی ئەم جیدال و شەڕە لێرە نادرێ
هەر قەومی کوردە لەم شەڕ و ئاشووبە دەر بەرێ
ئەم شوڕشە بە قەهر و فەلاکەت بڕایەوە
جەیشی مەغۆل بە یەئسەوە لەو لاش گەڕایەوە
وەختێ کە دەوری حوکمەتی ئێلخانی هاتە پێش
لاچوو لە قەلبی هەر دوو تەڕەف زام و ئێش و ڕێش
شاهانی ئێلخانی بە فکرێکی بەرزی ورد
ڕێکەوتنەوە بە چاکە لەگەڵ سەردارانی کورد