ئاڵەکۆک

بابە add_a_photo
بابە دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
٤٤. من نەکوژرێم تۆ نەکوژرێی نیشتمان وێران نەبێ
من نەکوژرێم، تۆ نەکوژرێی، نیشتمان وێران نەبێ
سەد ھەزار ئینسان بە جارێ مەحو و سەر گەردان نەبێ
شاخ و کێو و دەشت و دەر وەک بەحری خوێن ئەفشان نەبێ
قەومی کورد گشتی بە جارێ بێ سەر و سامان نەبێ
سەربەخۆیی میللەتی کورد وا نەبێ سەر ناگرێ
ئەم نەمامە گەر بە خوێن ئاوی نەدەی بەر ناگرێ
قونبولەی زەڕڕە نەیە شاری بە جارێ ون نەکا
گوللە تۆپ ناڵەی نەیە شاخ و کەنەک کون کون نەکا
بومبە وەک باران نەبارێ فەرقی پیاو و ژن نەکا
لاوی لاوچاک ھەر وەکوو شێر حەملە سەر دوژمن نەکا
سەربەخۆیی وا دروست ئەکرێ. دەڵاڵی بۆ چییە؟
یارمەتی دان و پیلانی مارشاڵی بۆ چییە؟
لاوی کورد گەورە و بچووک بۆ سەربەخۆیی شین ئەکا
ڕۆژی فرسەت جان فیدایی بۆ ژیان و ژین ئەکا
خوێنی دوژمن ھێند ئەڕێژێ عالەمێ ڕەنگین ئەکا
نیشتمانی خۆی بە لاشەی دوژمنی پەرژین ئەکا
سەرپەرشتی قەوم و گەل ئەدرێتەوە دەس زانایەوە
ھێزی دوژمن دەفزەنێ ناخاتەوە ناو کایەوە
ئەم مناڵە بۆ چی چوو بۆ لەندەن و واشنگتۆن
ئیشەکەی چی بوو بە بێڤن؟ چی ئەڵێ لای ئاچیسۆن؟
خۆی و باوکی زۆر دەمێکە بەم ھیوایە دەسخەڕۆن
بێنەوە سەر قەومەکە دووبارە خوێناوی بخۆن
بابە ئیتر ناکەوێتە شوێن دەفە و دەروێشەوە
خائینی میللەت ئەبێ بمرێ بە ئیش و نیشەوە
بابە عەلی کوڕی شێخ مەحموود لە ١٩٤٩دا چووبوو بۆ ھەڵەبجە و بناری ھەورامان بۆ لای ئەو دۆست و ھەوا خواھانەی کە لە ناو بەگزادەی ھەورامانا ھەیەتی وە لە ئاخریدا چوو بۆ بەغدا و لە بەغداوە کوتوپڕ بە فڕۆکە چوو بۆ ئەمریکا ھەتا نیھایەتی ١٩٥٠ لە ئەمریکا مایەوە. لە ئەمریکاوە چوو بۆ لەندەن ھەتا ٢٠ی شوباتی ١٩٥٠ لە لەندەن مایەوەوە لە ٢١ی شوباتی ١٩٥٠دا گەڕایەوە بەغدا. ئەم سەفەری کوتوپڕەی بابە عەلی لە لایەن مونەوەرانی وەھا لێکدرایەوە کە بابە عەلی مەزابیتێکی زۆری بردووە شوێن کڵاوی بابردوو کەوتووە. ئەم ھۆنراوە لە سەر ئەو سەفەرەی کوتوپڕی بابە عەلی بێژراوە.
١٩٥٠

پەراوێز edit