ئاڵەکۆک

بابە add_a_photo
بابە دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
٤٣. من بە حەفتا ساڵەوە کەوتوومە داوی ئاسکێ
من بە حەفتا ساڵەوە کەوتوومە داوی ئاسکێ
چاو غەزاڵێ، وردە خاڵێ بەژن و باڵا ناسکێ
ئەو بە حەڤدە ساڵەوە وەک دار گوڵی تازە و تەڕە
دڵ فڕێنە، دڵ ستێنە، دڵ شکێنە، دولبەرە
من وەکوو بەرگی خەزان لەرزۆک و پەژموردە و ھەژار
ئەو وەکوو تۆپی گوڵی تازە و تەڕی فەسڵی بەھار
زولفی چین چینی ڕەشی پەخشە لە سەر سەفحەی بلوور
موعجیزەی شۆخی نەبێ چۆن جووت ئەبێ زوڵمات و نوور
دوو شەمامەی نازکی خستۆتە سەر سینگ و یەخەی
پێم ئەڵێ ھێشتاکوو تاڵە و کاڵە، دەستی لێ نەخەی
وەک دوو غونچەی پڕ نەزاکەت، تازە پشکوتوو گەشە
تۆ بە دەستە چرچەکەت ڕاوەستە جارێ مەیگوشە
ئەو کچەی تەرسا نەژادەی کافرەی عیسا دەمە
کوشتنی زۆرە بەڵام ئیحیای شەھیدانی کەمە
غەمزەکەی ڕۆحی درێنام لێوی: پێی بەخشیمەوە
ئاسمان جێگەی مەسیحە من لە ئەرزا دیمەوە
گەردنی بەرزی شەھێنی، غەبغەبی نارنجی ئاڵ
لێوی یاقووتی، ڕوخی گوڵ ڕەنگ و غەمزەی چاوی کاڵ
نەک بە تەنیا ھەر منی شەیدا و ڕیسوا کردووە
شۆڕشی سەد مەحشەری عوششاقی بەرپا کردووە
ڕامی کەس نابێ غەزالم سڵ لە دانە و داو ئەکا
ڕاوی چۆن ئەکرێ کە خۆی ڕۆژی دووسەد دڵ ڕاو ئەکا
بۆ ئەوەی داوێنی بگرم بابە ئەچمە ڕێگەباز
ھەر کە دیمی دەس دەکاتە لاتریسکە و وردە ناز

پەراوێز edit