ئاڵەکۆک

بابە add_a_photo
بابە دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
٢٣. تەیموور لە حەوسەد و نەوەدا بوو وەکوو شەھێن
تەیموور لە حەوسەد و نەوەدا بوو، وەکوو شەھێن
ڕووی کردە ھەر وڵاتێ ھەموو بوو بەحری خوێن
ھەر جێیێ چوو، نە شا نە ئەمیری نەھێشتەوە
ئەفغان و بەڵخ و ھیندی بە یەکجاری ماشتەوە
تەنھا لە شاری دەلھی لە کەللە نەوەد ھەزار
میل و مناریێکی دروست کرد بە یادگار
شاھی ئێران و فارس، ئەتابوک موزەففەری
جێگە و پەنای نەمایەوە ڕای کرد و دەرپەڕی
ھەرچی ھەبوو لە تۆوی شەھانی ئەتابوکان
باکۆ کران بە نێر و مێیەوە بەبێ ئەمان
ئێرانی کرد بە مەزبەحە شیراز و ئیسفەھان
زیڕووحی دەرنەچوو بە ئیتاعەت و بە ئەلئەمان
کاتێ کە ئیستیلای ھەموو ئێران بڕایەوە
بۆ نیشتمانی کورد و عێراق ئاوڕی دایەوە
ئێرانی دایە دەستی عومەر شێخ موعیززەدین
فرزەندی پڕ حەماسەت و شەھزادەی ئەمین
ئەمجاکوو ھاتە خوارەوە گەییە سنووری کورد
دانشتنێکی جەنگی دروست کرد بە دەستوبرد
بڕیاری دا لە پێشەوە، کوردن ھەموو دلێر
گورجن وەکوو پڵنگ و دڕوندەن میسالی شێر
وریا بڕۆنە پێشەوە تا دیجلە و فوڕات
ئیتر موتیعی ئێمەیە ئەقوامی گشت وەڵات
کوردی دلێر بە گورجی و چالاکی کەوتە شاخ
ئەم لەشکەرەی لە ڕاست و چەپ خستە ئاخ و داخ
کوردی کرند و دینەوەر و قەسر و خانەقین
وەک شێری بێشە کەوتنە جەنگی حەیات و ژین
سەرکردەیەکی ھێشتەوە بۆ جەنگی قەومی کورد
خۆی و سوپاھی کەوتنە ڕێگا بە دەستوبرد
کاتێ گەییشتە باقووبە، ئەحمەد جەلائیری
سوڵتەی نەما بە دەستەوە ڕای کرد و دەرپەڕی
تەیموور بە خۆی و لەشکری خوێنڕێژ و سەختەوە
ساتێ نەوێسا تا چووە ناو پایتەختەوە
ھەرچی ھەبوو لە کوشتن و تاڵان و خوێن مژین
نوێی کردەوە دووبارە ھۆلاکۆی دووەمین
بەغدای نەھێشت لە دیجلەوە ڕووی کردە نەینەوا
تکریتی کرد بە مەزبەحە، زیڕووحی لێ نەما
بۆ نیشتمانی گەورەی کورد کەوتە سەر خەیاڵ
ئەمجا لە شاری موسڵەوە ڕووی کرد بەرەو شیماڵ
بۆ مەنعی خوێن ڕژاندن و کرداری ناڕەوای
شاھانی کورد بە ھەدیەوە ھەڵسان و چوونە لای
ئاشتی سەری نەگرت و نەتیجە گەیشتە شەڕ
لافاوی خوێن لە ھەر دوو تەرەف، گەییە دەشت و دەر
سوڵتانی تورکیا بە سوپاھێکی بی شومار
ڕووی کردە ئێمە بە شەڕ و مەیدانی کارزار
پەیغامی دا بە والیی ئێران موعیززەدین
دوژمن عەنوود و پڕ چەکە، جێی قایمە و مەتین
بۆ یاریدەم بە لەشکرەوە بێیرە خوارەوە
دوژمن دڕندەیە بە چەکی پڕ لە نارەوە
والیی موعیز بە ئەمری پدەر کەوتە ئیش و کار
کۆی کردەوە سوپاھی عیباڕەت لە بیست ھەزار
وەقفەی نەکرد سەعاتێ ھەتا دەشتی شارەزوور
پاشبار و خاروباری ھەموو مایەوە لە دوور
ئازووقە و زەخیرەی لەشکر بڕایەوە
برسێتی کەوتە لەشکر و تیپی سوپایەوە
دیھاتی ئەو بنارە، ھەموو ڕۆیە شاخەە
لەم ھێرشی کوتوپڕە کەوتە قەراخەوە
خورماڵ ھەتاکوو زەڵمی بەناوبانگ قەڵایێ بوو
جێگەی ئەمیری ئەردەل و خاوەن سوپایێ بوو
ئەم میرە کێ بوو؟ زاتی حەسەن بێگی ئەردەڵان
دائیم عەدوی شەھانی جەلایر بە بێ ئەمان
شەھزادە کەوتە ھەڵپەوە بۆ نانی لەشکری
بۆ ئەم قەڵای حەسەن بەگە دوو چاوی تێ بڕی
سەرلەشکرێکی ناردە قەڵا سەرکەش و بەشۆر
تا گەنم و جۆ بسێنێ بە خوایش بێ یا بە زۆر
سەردار، گەھێ بە زۆر و گەھێ پول بە دەستەوە
ھەرچەندی کرد مەنێکی زەخیرە نەبەستەوە
خان، جوابی ھەر یەکێ بوو کە نیمانە خاروبار
ئایا مەنێ، لە گەنم و لە جۆ، یاخۆ سەد تەغار
سەرداری لەشکر ئەم خەبەرەی ناردە لای ئەمیر
دەس ناکەوێ زەخیرە بە پول و بە زەبری تیر
بۆ زاد و بۆ زەخیرەی جەیشی بە دەستوبرد
شەھزادە خۆی بە لەشکرەوە ڕووی لە قەلعە کرد
گەییە قەڵاوە دەوری گرت دەستی کرد بە شەڕ
ئەمما چ جەنگ و شۆڕشێ نەیدیوە قەت بەشەر
خان سوپای لە دەوری حەساری قەڵایەوە
تیر و کەمان بە دەستەوە جوابی ئەدایەوە
ڕۆژێ کە شەڕ گەرم بوو ئەمیرزادە کەوتە گیر
ژینی بەسەر چوو جەرگ و دڵی کون کرا بە تیر
سەردارەکانی کەوتنە یەئس و تەلاشەوە
بڕیار درا بە دزیەوە بکشێنە پاشەوە
خەرگاھ و خێمە گشتی بە جێما گەڕانەوە
تەنھا بە دەستی ڕۆڵەی ساحیبقڕانەوە
ئەم لەشکرە نەوێستا ھەتا شاری ئیسفەھان
ئەمجا خەبەر درا بە شەھەنشاھی گوورگان
پاش ئەم فیرارە، خان لە قەڵا و حەسارەوە
بۆ خێمەگاھی دوژمنەکەی ھاتە خوارەوە
تاڵانی گرت لە خێوەت و چادر لە فەڕش و ماڵ
تەقسیمی کرد بە لەشکری خۆیا بە قەدری حاڵ
دونیاگرێکی ھەر وەکوو تەیمووری گوروگان
گاڵەی ئەکرد بە تاج و بە تەختی شەھەنشاھان
ھیچ شاھ و ھیچ ئەمیرێ وەکوو نێرە میری کورد
فرزندێکی نەکوشت و دڵ و جەرگی کون نەکرد
ھەر فاتیحێ کە ھاتۆتە ئەم خاکە پاکەوە
تێپەڕ بووە بە لاشەی زۆر و بە لاکەوە
پاش ئەم ھەرایە زەبری زلی دا لە قەومی کورد
بەدناوی و خراپە نەبێ ھیچی کەی نەبرد
پەیدابوونی دونیاگری بەناوبانگ ئەمیر تەیمووری گوورگان و ھجووم کردنی بۆ ھیند و ئێران و عیراق و کوردستان

پەراوێز edit