ئاڵەکۆک

بابە add_a_photo
بابە دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
٢٢. تەورێزی خۆش و گەورە ھەتا عەسری پێنجەمین
تەورێزی خۆش و گەورە، ھەتا عەسری پێنجەمین
واتە و وشەی بە کوردییە بوو، ڕێک و دڵ نشین
ئەو شارە گەورە قەومی تری تیا نەبوو مەکین
چۆن ھاتنە جێی ئەمانە ئەوانەی لەوێ ئەژین؟
حەوتەم عەسر کە حکوومەتی ئیلخانی ھاتە ناو
گۆڕا و دەرکرا گەلی کوردی لەیەک بڕاو
ئەم لاپەڕە لە مێژووی کوردا ڕەشە و غەشە
زانیاریی کورد لە شۆڕەشی ئەو دەورە بێ بەشە
بۆ عەلەمی پان و بەرز و بڵاوت کە زۆر گەشە
نووسین و نەشری لازمە ئەم حادیسەی ڕەشە
قەوم و گەلی لە کۆمەڵی تردا توانەوەی
پێویست بە مێژوویێکە بۆ ھاوخوێن و بۆ نەوەی
تاریخ ئیسباتی کردووە ئازاربایگانی ئێران عیبارەت لە مادی سەغیرە کە نیشتمانی کوردی ماد بوووە. شاری تەبرێز لەلایەن ئەمیرێکی کوردەوە بینا کراوە کە ئێستا ئەو ناوچەیە بۆ تورک ساغ بۆتەوە، زۆر جار بە تۆفێق وەھبیم وتبوو کە تاریخی مادی سەغیرمان بنووسێ. نەینووسی. بۆ تەشویق کردنی ئەم مەنزوومەیشم بۆ ناردووە.

پەراوێز edit