ئاڵەکۆک

بابە add_a_photo
بابە دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
٢١. تورک و ئێران و عێراق ھەر سێ ویفاقی کردووە
تورک و ئێران و عێراق ھەر سێ ویفاقی کردووە
بۆو گرێ نەکراوەیە عەھد و میساقی کردووە
خوێنمژی گەورە کە ھەر نەشری نیفاقی کردووە
بەم بینای دەستکردی خۆیە ئیلتیحاتی کردووە
ئەم گرێ نەکراوەیە بوڕکانی شەرقی ئەوسەتە
کوورەیی ئاتەش فشانە گەرچی ئێستا لەت لەتە
ئەم گرێیەی میللەتی کوردە لە دەوری بەردەوە
سەد جیھانگیری نەھێشت کوشتی بە داخ و دەردەوە
خوێنی سەردار و سەپانی وا بە دەشت و ھەردەوە
ناکەوێتە داوی سێ حەلقەی عەدووی نامەردەوە
وەک چیاکانی، بڵند و دڵڕەقە ئەم ھەیکەلە
جووڵەیێکی پێ نەکرد سەد گێژەڵووکە و زەلزەلە
دوا ھەناسەی ژینیە، تورکی لە پێ کەوتووی نەخۆش
خۆی لە ئێران شاربەدەر ئەکرێ شەھی میللەت فرۆش
ئیش لە دەست خۆیا نییە ئەسڵەن عیراقی کەللە بۆش
سیاسەتی ئینگلیزە ئەم سێ نۆکەرەی ھێنایە جۆش
قەومی کورد پێوەند و زنجیر کەن بە دەست و قۆڵەوە
پاسەوانی نەوت و ڕێگا بن بە بار و کۆڵەوە
تورکیا با خوێن بڕێژێتە فورات و دیجلەوە
با قەنارەی شا، لە کارا بێ بە قەھر و جەھلەوە
با عیراق زیندانەکان پڕ کا بە زانا و ئەھلەوە
با سیاسەت ئەسپی تاو دا لە ڕێگای سەھلەوە
میللەتی کورد ھەر بە ملیۆن جانفیدا و ڕۆڵەی ھەیە
ڕۆژی خۆی ئەم زوڵم و زۆرە یەک بە سەد تۆڵەی ھەیە
ئەی پڵنگی زاگروس و پاسەوانی نیشتمان!
وارسی تەنھای موڵکی ماد و شاھانی کەیان
ئیمڕۆ ڕۆژێکە، تەنازوع بۆ بەقا و مان و ژیان
ھەڵمەتێکی وا بەرن دوژمن بخاتە اَلأمان
قوڕگ و تەنگی ناو چیا پڕ کە لە لاشەی دوژمنت
ھایدروجی و زەڕڕەیی بێ سنعەتە پیاو و ژنت
ھەڵمەتی ڕوم و --- با پیری تۆ گیرایەوە
میللەتی کورد داوی بۆ جەیشی مەغۆلی نایەوە
سەد ھەلاکۆ و شاھی تەیموور ھاتە ناو ئەم کایەوە
قەومی ئێمە ھەر بە ئازادی لە جێی خۆی مایەوە
ئەم تەلیسمە بابە خەلیقەت خۆی دروستی کردووە
سەد ھەزار قەیسەر بە مەئیووسی لە داخی مردووە
لە تاریخی ١٩٥٥دا موعاھەدەیەک کرا کە بە «میساقی بەغدا» مەشھوورە بەم ھۆیەوە ئەم دەستەبەستە بێژراوە.
١٩٥٥

پەراوێز edit