بە جارێ مەستی کردم بۆسەیێکی ئەو دەم و لێوە
مەگەر لیکی دەمی ئەو دولبەرە، شیلەی ڕەگی مێوە؟
بە تۆفانێ لە ئەشکی ئاتەشینم قەد نەرم نابێ
مەگەر گۆشتی دڵی ئەو کافرە، بەردی ڕەقی کێوە؟
لە سەر سەفحەی گوڵێکی ئەرخەوانی، نوختەیێکم دی
مەگەر ئەو کوڵمی ساف و نازکە خاڵێکی واپێوە؟
کە چاوی ھەڵبڕی شوریێکی مەحشەر، دێتە بەر چاوم
مەگەر موژگانی ئەو شۆخە ھەموو تیری دڵ ئەنگێوە؟
بە دوو غونچەی گەشم زانی دەسم بۆ چاکی سینەی برد
مەگەر ئەو دوو شکۆفەی نازک و نەرمینە دوو سێوە؟
شەوێ ڕێم کەوتە بەزمێ بێ مەی و ساقی ھەموو سەرخۆش
مەگەر چاوی ڕەشی ئەو دولبەرە جام و قەدەح پێوە؟
لە ئاسۆی ئاسمان بابە چەپەربەندانی حۆری بوو
مەگەر ھاتوونە سەیری لەنجەی ئەو شۆخی پەری شێوە؟