ئاڵەکۆک

بابە add_a_photo
بابە دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
١٧. بە بۆنەی سەردانی مێجەر نوئیل بۆ سلێمانی
سەد درێغ دەوری ئەسیریی قەومی کورد نەبڕایەوە
تاکوو ئێستا ئەم گرێیە ھەر بە کەس نەکرایەوە
میللەتی گەورە و بچووک گشتی بە سەربەستی ئەژی
میللەتی کورد ھەر لەژێر بارا بە دیلی مایەوە
تاکوو ئێستا ھەر دراوسێ بوون عەدوی خاکی وەتەن
سەیری نەگبەت کەن کە ئینگلیز، ھاتە کۆڕ و کایەوە
سەر زمانی وەعدەی شیرینی ئازادیی وەتەن
ژێر زمانی بۆ ئەسیری دام و دانەی نایەوە
سەر زمانی حامییە بۆ قەومی لێقەوماوی کورد
ژێر زمانی زوڵمەکەی زەححاکی بۆ ھێنایەوە
سەر زمانی ڕەھبەرە بۆ قەومی بێچارە و زەبوون
ژێر زمانی زەھر ئەڕێژێ گەر یەکێ جووڵایەوە
مادە چواردەی مەنھەجی ویلسۆنی پێش خۆی خست و ھات
ماددەکە بۆ قەومی کورد دیلی ئەبەد خوێنرایەوە
ھەرچی قەومێ کەوتە ڕێ بۆ سەربەخۆیی سەرکەوێ
سیاسەتی ئینگلیز بە دوو پاشقول لە ڕێ گیرایەوە
بابە! ئینگلیز ھاتە ناو، ئوممێدی سەربەستی نەما
ڕەحمی یەزدانی نەبێ ئەمرین ھەموو بەم غایەوە
لە ڕۆژی ١٥ی ١٠ی ١٩٢٨دا مێجەر نوئیل بە چل سوار عەسکەری ھیندۆکەوە ھاتە سلێمانی، شێخ مەحموود بە نامەی خوسووسییەوە کە بە ھۆی عەبدوڵڵا ئاغای حاجی سەعید و فایەق توفیقەوە ناردبووی ھاتن. ئەم ھۆنراوەیە لەو ڕۆژەدا نووسراوە.
١٩٢٨/١٠/١٥

پەراوێز edit