ئاڵەکۆک

بابە add_a_photo
بابە دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
١١. با پێت بڵێم لە مێژووی ئەم میللەتە کەمێ
با پێت بڵێم: لە مێژووی ئەم میللەتە، کەمێ
ھەر وەک لە بەحر بێتە دەرێ قەترە و نمێ
کەیخوسرەوی دووەم لە ھەخامەنشینانی فورس
ئیمدادی ویست لە قەیسەری ڕۆم پڕ چەک و نەترس
تا تەخت و تاجی شاھی بسێنی لە ئەردەشێر
بەم لەشکرە، برایەکی گەورەی بخاتە ژێر
چوار عەسری پێش مەسیح بوو کە ئیمدادی ڕۆمیان
ھات و گەیشتە وادیی بابل بە شادمان
خوسرەو بە ھێزی خۆی و بە ئیمدادی زۆرەوە
ویستی کە شاھی کاکی بنێژێتە گۆڕەوە
لەولاوە ئەردەشێر بۆ خەلاسی لە دەست عەدوو
بەخشی بە جەیش و لەشکری یا نەقدی ھەرچی بوو
ئەم مەعرەکە لە خانی سکەندەر کرایەوە
لاکین بە قەتڵی خوسرەوی دووەم بڕایەوە
ئەم لەشکری شکستەیی یۆنانە دەسبەجێ
بۆ نیشتمان و یانەی خۆی کەوتە ڕێ
زینفۆنی سەر سوپاھی بە عەقڵ و بە ھۆش و کێش
ڕێی شاخەکانی کوردی بە باش زانی، کەوتە پێش
کاتێ گەیشتە «مزری کیا» کەوتە کۆڕەوە
دەسڕێژی لێ کرا لە نزیک و لە دوورەوە
زینفۆنی ژیر و گەورە بەڕاستی خەباتی بوو
گاھی بە جەنگ و گاھی بە ئاشتی نەجاتی بوو
لەو یادداشتەدا کە بەجێی ھێشتووە ئەڵێ:
«کەردۆخ» پڵنگی شاخییە، بێگانە نایەڵێ
ئەم قەومە سەربەخۆیە ئیتاعەی بە کەس نییە
بۆ شاھی فورس و قەیسەری ڕۆم دەسڕی کەس نییە
ھەرچەند سوپاھ و لەشکری ئێمە گەڕایەوە
زۆری بە تیر و نێزەی کەردۆخ بڕایەوە
زینفۆن ستایشی کەردۆخی کردووە
مێژووی بەڕاستی زیندووە، گەرچی خۆشی مردووە
بۆ ئیمدادی کەیخوسرەوی دووەم لە شاھانی ھەخامەنشین ھاتنی لەشکرێکی یۆنان بۆ بابل و لەپاش جەنگەکە و گەڕانەوەیان بۆ یۆنانستان.

پەراوێز edit